ڕوانگە - نرخی تەماتە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرزبوەوە، بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانیش ڕایگەیاندووە، "هۆکارەکەی قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتەیە".

سەروەر عەلی بەرپرسی سەندیکای عەلوەی سلێمانی ئاشكرایكردوه‌، "ئەمڕۆ نرخی یەک کیلۆ تەماتە بەکۆ، هەزارو 100 دینارەو لەبازاڕەکاندا کیلۆی هەزارو 500 دینار بەرەو سەرەوەیە، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ هەفتەی پێشوو لەعەلوەکانی هەرێم کیلۆیەک تەماتە لە 650 بۆ 750 دینار بوو".

ڕونیشیکردۆتەوە:"لەبەرژەوەندیی جوتیارانی ناوەڕاست‌و باشوری عێراق، لە26ی مانگی یه‌كه‌وه‌ هاوردەکردنی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە کراوە، بۆیه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ بڕیارەکە بۆ بەرژەوەندیی جوتیارانی عێراق دراوه‌و ئێستاش تەماتەی بەسرە زۆر کەمبوەتەوەو تەماتە کەمە لەبازاڕدا".

لای خۆشیەوە هیوا عەلی وتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ‌و سەرچاوەکانی ئاو لەهەرێم ڕایگه‌یاندووە، "چاودێریی بازاڕ دەکەین، ئەگەر نرخی تەماتە بەرزبوەوە، خوێندنەوە بۆ بڕیارەکە دەکەین".