ڕوانگە - زۆربوونی ڕووداوەکانی کوشتن و بڵاوکردنەوەی هەواڵەکان دەربارەی ڕووداوی تەقەکردن و کوشتنی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان٫ کاریگەری گەورەی نەرێنی لەسەر دەرونی هاوڵاتیان  دروستکردووە و تادێت ئەو ڕووداوەنە زیاتردەبن، هەر ئەمەش وایکردووە ژمارەیەک لە دەزگاکانی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی بڕیاریانداوە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕۆماڵی ڕووداوەکانی کوشتن ڕابگرن و ڕۆژنامەنوسێکیش ڕاگرتنی ئەو هەواڵانە بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف دەکات و ڕایدەگەیەنێت؛"


بەڕۆژەڤ کردنی هەر بابەتێک بۆخۆی پەلدەکێشێت بەسەر هەموو ماڵێکدا و هەرکەسێکی کێشەدار بیر لە هەمان ڕێگەچارە دەکاتەوە ئەمەش بۆخۆی مەترسییەکەیە.



سەلمان عوسمان ڕۆژنامەنوس بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"لە ڕاستیدا ئەو هەڵمەتەی ئێستا دەستیپێکردووە لە لایەن چەند میدیا و ڕۆژنامەنووسێکەوە، بۆ ڕاگرتنی ئەو هەواڵانەی کە تایبەتە بە "کوشتن لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی" هەنگاوێکی گرنگە، چونکە چەندین جار ئەوە دووبارە بووەتەوە کە کاتێک ڕووداوێکی کوشتن ڕوودەدات، بە زنجیرە چەندین ڕووداوی دیکەی بەدوادا ڕوودەدەن، چەندین نموونەشمان هەیە وەک کوشتنی دوو گەنج لە لایەن هاوڕێکانی خۆیانەوە لە کەلار بە ماوەیەکی کەم، یان ڕووداوەکانی ئەم دوایەی هەولێر، سەیدسادق و چەمچەماڵ، ڕەنگە هۆکاری ڕاستەوخۆی ئەو تاوانانە میدیا نەبێت، بەڵام بەڕۆژەڤ کردنی هەر بابەتێک بۆخۆی پەلدەکێشێت بەسەر هەموو ماڵێکدا و هەرکەسێکی کێشەدار بیر لە هەمان ڕێگەچارە دەکاتەوە ئەمەش بۆخۆی مەترسییەکەیە،'

وتیشی؛" گرنگی ئەم هەڵمەتە ئەوەیە جۆرێک لە پرەنسیپ و ئەخلاق بۆ میدیای باشوور دەگەڕێنێتەوە. گرنگترین کارێک کە میدیا ئێستا بیکات ڕاپۆرتی بنکۆڵکارییە لەسەر هۆکارەکانی ئەو ڕووداوانە، ئایا بۆچی و چۆن ڕوودەدەن نەک ڕووماڵکردنی چیرۆکی ڕووداوەکە بکرێت.'

سەلمان عوسمان ڕۆژنامەنوس، ڕونیشیکردەوە؛" ڕووماڵی ئەو هەواڵانە کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەروونی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی ئێمە زۆر ماندووە بەدەست میدیاوە، تەنانەت وایلێهاتووە بەشێک لە میدیاکان ئەرکە راستەقینەکەی خۆیان لەبیر کردووە و تەنها ئەو هەواڵی کووشتن و ڕووداوی ناخۆش ڕووماڵ دەکەن، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی زۆرترین بینەری هەبێت، بۆیە گرنگە ئەم هەڵمەتە بکەینە سەرەتایەک بۆ ئەوەی چیتر میدیا لەو گێژاوە دوور بخەینەوە و ببێتەوە بە میدیای ئازاد و کۆمەڵگەیی، نەک میدیایەک کار بۆ بینەر و خوێنەری زیاتر بکات بەبێ هیچ ئامانجێکی کۆمەڵگەیی و نەتەوەیی.'


لە میدیادا شتێک هەیە پێی دەوترێت کاریگەری لاسای کردنەوە، کە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەوە لاسیکردنەوە ئاسایی دەبێتەوە و کاریگەری دروست دەکات و ئەوکەسانەی کە مەیلی تاوانیان هەیە یان گرفتی دەرونییان هەیە پەنادەبەنە بەر ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، ئەمە وتەی دەشتی عەلی یە کە ناوبراو مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ڕاگەیاندنە.


دەشتی عەلی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ڕاگەیاندن، ڕونیشیکردەوە؛" بڵاونەکردنەوەی هەواڵی کوشتن هەنگاوێکی گرنگە و دەکرێت لەبری ئەوە میدیاکان بەشێوەیەکی وردتر و لە چوارچێوەی ڕێکارە پیشەی وئەخلاقیەکانی کاری ڕۆژنامەنوسی مامەڵە لەگەڵ تاوانەکانی کوشتن یان هەواڵەکانی تاوانی کوشتن دا بکەن، چونکە بەشێکی زۆر لە میدیاکاران بەداخەوە بێ ئاگان لەکاریگەری لێکەوتەکانی پەیامی میدیایی و وە میدیا چی بەرپرسیارێتییەکی لە ئەستۆدایە، چونکە دەزانین میدیا بەرپرسە بەرامبەر بە کۆمەڵگا، وە یەکێک لەو بەرپرسیارێتیانەی کە میدیا هەیەتی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتییە کە دەبێ لە ئەستۆی بگرێت.'

وتیشی؛"بڵاوکردنەوەی هەواڵەکانی کوشتن کاریگەری لەسەر زیادبوونی تاوان بەگشتی هەیە، لە میدیادا شتێک هەیە پێی دەوترێت کاریگەری لاسای کردنەوە، کە لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانەوە لاسیکردنەوە ئاسایی دەبێتەوە و کاریگەری دروست دەکات و ئەوکەسانەی کە مەیلی تاوانیان هەیە یان گرفتی دەرونییان هەیە پەنادەبەنە بەر ئەنجامدانی ئەو تاوانانە، چونکە ئێمە بەشێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە کە بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ تاوانەکاندا دەکرێت یاخود ڕۆماڵ دەکرێت، کە خودی تاوانبارەکە وەک پاڵەوانێک پیشاندەدرێت، بۆیە ئەوکەسانەی کە هەستێکی تاوانکارانەیان هەیە حەزدەکەن هاوشێوەی ئەو تاوانبارانە ناویان بڵاوببێتەوە.'

دەشتی عەلی مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی ڕاگەیاندن باسی لەوەشکرد ؛"بەشێکی دیکە چۆنێتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتە، کە پێویستە زۆر وردەکاری و زانیاری بڵاونەکرێتەوە کە ئەمانە زیان بە کەیسەکە دەگەیەنێت و بەزیان بەسەر  کۆمەڵگا دا دەشکێتەوە، وە دەکرێت ڕۆماڵی ڕووداوەکان بکرێت، بەڵام لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیدا بێت و هاوسەنگی لە نێوان ئەرکی هەواڵەکە و کاریگەریە کۆمەڵایەتیەکانی بابەت و ڕاپۆرتەکان لە بەرچاو بگیرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێکی دیکەی ئەم بابەتە ئەوەیە کە ڕێزگرتن لەکەسوکاری قوربانیەکان نییە و وێنە و ڤیدۆی خێزان و کەسوکار و قوربانیەکان بڵاو دەکرێتەوە کە ناڕەحەتی بۆ خێزانەکانیان دروست دەکات کە ئەوەش گرفتێکی دیکەیە و لای ئێمە بەتەواوەتی فەرامۆشکراوە.'


دەزگای میدیایی ٩٦٤ یەکێکە لەو دەزگایانەی کە بڕیاریداوە بۆ ماوەیەکی کاتی هەواڵەکانی کوشتن ڕابگرێت.



توانا نەقی محەمەد بەرپرسی ژووری هەواڵی ٩٦٤.ڕونیکردەوە؛" ئێمە پێمانوایە ڕووداوەکان لە بار و ڕێژەی ئاسایی دەرچوون و پێویستە هەڵوێستەیان لەسەربکرێت، بۆیە لەم قۆناغەدا بەئەرکی خۆمانمان زانیوە وەکو میدیا کاریگەری دەرونی خراپ ئەوەندەی دیکە لەسەر خەڵک دانەنێین بۆیە بڕیارماندا بەشێوەیەکی کاتی ڕووماڵی میدیایی بابەتەکانی کووشتن بەوشێوە زەقەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا حاڵەتێکی زۆری کوشتن لەنێوان خانەوادەکاندا هەبووە ئێمە ڕایبگرین،  بۆئەوەی کە دەرونی خەڵک هێندە ماندوونەبێت، تاوەکو بارودۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە ئەوکات ڕەنگە بەشێوەیەکی دیکە کار لەسەر ئەم بابەتەبکەین.'

وتیشی؛" ئەرکی دەزگا ئەمنیەکان و لایەنی پەیوەندیدارە کە خەمی هەبێت کە ئەم ڕووداوانە نەبێتە دیاریدەیەکی بەرڵاو لەنێوان خێزانەکاندا کە هەر ڕۆژە و گوێبیستی هەواڵێکی دڵتەزێنی لەوجۆرەبوین کە لە چەندڕۆژی ڕابردوودا گوێبیستی بووین.'

توانا نەقی ڕونیشیکردەوە؛"ئەنجامدانی تاوانی کوشتن کاریگەری لەسەر دەرونی خەڵک هەبووە بۆیە ئێمە بەگرنگمان زانی بۆئەوەی کوشتن ئاسایی نەبێتەوە،چونکە میدیا ئەوەندە کاری لەسەر ئەو هەواڵانەکرد ئەوکات ئەنجامدانی تاوان ئاسایی دەبێتەوە، بۆیە گرنگە ئێستا ئەم هەواڵانە ڕابگرین لەبەرئەوەی گەورەی ئەوتاوانانە وەک خۆی بمێنێتەوە و لایەنی پەیوەندیداریش بتوانن کاری لەسەر بکەن و هەوڵی بنەبڕکردنی بدەن، وە ئەگەر میدیا کەمتر کاری لەسەربکات ئەوکات گەورەی تاوانەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.'

توانا نەقی محەمەد بەرپرسی ژووری هەواڵی ٩٦٤ باسی لەوەشکرد؛"ئێمە لەگەڵ ئەوەداین دەزگا میدیایەکانی دیکەش ڕۆماڵی تاوانەکانی کوشتن ڕابگرن، چونکە لە چەند ڕوویەکەوە دەروونی خەڵک ماندووە و ناکرێت ئەوەندەی دیکە خەڵک ماندوو بکرێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشەبەختانە دوای ئەوەی کە ئێمە بڕیاری ڕاگرتنی هەواڵی کوشتنماندا چەند میدیا و ماڵپەڕێکی دیکەش هەمان بڕیاریانداوە، وەئێمە داوادەکەین میدیاکان ڕۆڵبگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا نەک ئەوەی کە تەنها هەواڵی کوشتن بڵاوبکەنەوە و پێش دادگاکان و لایەنە ئەمنیەکان بکەون لە ڕووداوەکاندا.'