ڕوانگە- چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی جەژندا ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران ڕوو لەناوچە گەشتیاریەکانی قەزای دووکان بکات و بەوبۆنەیەوە لیژنەی ئەمنی قەزاکەش کۆبوونەوەیەکی تایبەتی ئەنجامدا.

سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوکان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" لەگەل لیژنەی ئەمنیی و لیژنە هاوبەشەکانی قائمقامیەت و گەشت و گوزاروخۆ پاراستنی تەندروستی کۆ بوینەتەوە و  ئامادەکاری تەواومان کردوە، کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆری گەشتیار ڕوو لە ناوچە گەشتیارییەکانی دوکان بکەن .

وتیشی:"هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ئاسایش و پۆلیس و پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی دارستان و ژینگەوبەرگری شارستانی ئەرکیان بۆ دیاری کراوەو بەچەند تیمێکی هاوبەش دابەش دەکرێن لە ناوچە گەشتیارییە جیا جیا کاندا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە دووەم ڕۆژی جەژنەوەهاتوچۆی تانکەر و بارهەڵگرەکان  لە کاتژمێر ۷ی بەیانی تا ۱۲ی شەو رادەگیریت .

قایمقامی قەزای دوکان ڕونیشیکردەوە:"لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزارەوەخاوەن پڕۆژەکان  ڕێنماییان پێدراوە ئامادەکاری پیویست بکەن بۆ پێشوازی لە گەشتیاران و گرنگی بە لایەنی تەندروستی و سەلامەتی و پاکژی بدەن .

سیروان سەرحەد ڕونیشیکردەوە:"تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی مەلەوانی(غەواس) لە ئەرکدا دەبن و هەم چاودێری دەریاچەی دوکان و زێی دوکان دەکەن هەمیش گەشتیاران ئاگادار دەکەنەوە تا دوور بن لە ڕوداوی نەخوازراو و لەگەڵ ئەوەشدا لە بازگەی کەڵەوانان تا سەرجەم ناوچەو شوێنە گەشتیاری و ناوەندی قەزاکەش لیژنەی ئەمنی دوکان سەرپەرشتی دەکات و پلانی ئەمنی تیادا بەڕێوەدەبات و هەروەها لیژنەی هاوبەشی قائیمقامییەت و لیژنەی چاودێری گەشتوگوزار لە ئەرکی بەردەوام دا دەبن و چاودێری ووردی بازاڕ و شووێنە گەشتیاری و سەرجەم پڕۆژەکان دەکەن و بەدواداچونیان بۆ هەربابەت و پێشێلکارییەک دەبێت .

سیروان سەرحەد قایمقامی قەزای دوکان، ئەوەشی خستەڕوو:"تیمەکانی تەندروستی و مەڵبەندی خۆپارێزی لە ئەرکدا دەبن و تیمەکانیش لە چەند شوێنێک جێگیر دەکرێن تا بۆ هەر حاڵەتێکی نەخوازراو هاوکاری گەشتیاران بن و هەروەها تیمەکانی شاروانی دوکانیش  لە ڕۆژانی جەژن وپشودالەئەرکدا دەبن بۆ پاکڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان.

قایمقامی قەزای دوکان باسی لەوەشکرد:" داواکارین گەشتیاران و هاوڵاتیان هاوکاری لایەنی پەیوەندیدارو تیمەکانیان بن و گرنگی بە پاکڕاگرتنی ناوچە گەشتیارییەکان بدەن و ئیدارەی قەزاکەش هەموو هەوڵێک دەدات تا باشترین کەشی گەشتیاری بۆ گەشتیاران بڕەخسێنێت .