ڕوانگە - لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڵاوەیانپێكراوەو لەحاڵەتی ئامادەباشیدان

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی  عەمیدی دكتۆر ئارام محەمەد ساڵح سەعید بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەجلی سەربازی و مەدەنییەوە لەناو بازاڕی شاری سلێمانی بڵاوەیانپێكراوە، هاوشان لەگەڵ پیاوانی پۆلیس کارمەندە پۆلیسەکانی ژنانیش لەناو بازاڕدا لەئەرکدان.

وتیشی:"بڵاوەپێكردنی مەفرەزەكانی پۆلیس بەمەبەستی پاراستنی ئەمنییەتی شاری سلێمانی و سەر و ماڵی هاوڵاتیانە تا لەکەشێکی ئارامدا ئامادەکاریی بۆ هاتنی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز بکەن.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕوونیشیکردەوە:"بەپێی ئەو پلانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانییەوە داڕێژراوە، لەڕۆژانی بەر لەجەژنی پیرۆزی ڕەمەزان و ڕۆژەكانی دواتردا هێزەكانی پۆلیس بەسەرپەرشتی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە حاڵەتی ئامادەباشی زیاتردا دەبن.