ڕوانگە - بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە: ئەو ماتۆڕسکیلانەی بۆ کەیفخۆشی بەکاردەهێنرێن لە هەر شوێنێک بیانبینین دەستیان بەسەردادەگرین.

هێمن میرانی بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى ناوخۆ رایگەیاندووە، لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن قسەیانکردووە، ئەو ماتۆڕانەی بە تایبەت بۆ گەیاندنی خواردن بەکاردەهێنرێت، پێویستە کە ماتۆڕی نوێیان هێنا، کارەبایی و بێدەنگ بێت، تابلۆی پێبدرێت و ماتۆڕسوارەکە مۆڵەتی لێخوڕینی هەبێت.

وتیشی بۆ جێبەجێکردنی ئەو مەرجانە، ماوەی شەش مانگمان پێداون، رەنگە بتوانین کاتەکەشیان بۆ درێژبکەینەوە، کۆمپانیاکانیش هاتوونەتە سەر خەت و دەستیان بە هەنگاوەکانیان کردووە.

بەڕێوەبەرى گشتیی دیوانى وەزارەتى ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵمان بە تەواوی پێویستە کە گۆڕانکاریی لە بەکارهێنانی ماتۆڕسکیل بکەین.

هێمن میرانی ئاماژەی بەوەشکرد:"ئەو کەسانەی ماتۆڕسکیل بۆ مەبەستی کەیفخۆشی و بێزارکردنی هاوڵاتییان بەکاردەهێنرێن، لە هەر شوێنێک ببینرێن دەستیان بەسەردا دەگیرێت و دواتر ماتۆڕەکە لەناودەبرێت.