ڕوانگە - کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، پابەندبوونی دەستووری و یاسایی خۆی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا دووپات دەكاتەوە، دەشڵێت، زیاتر لە ملیۆنێک لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ مافی دەنگدانیان لەم هەڵبژاردنەدا هەیە.

جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی ٤ـی نیسانی ٢٠٢٥،  بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ژمارەی دەنگدەرانی نوێ لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٧ ملیۆنێکی تێپەڕاندووەو پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانيش بریتییە لە (تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ، راستکردنەوەی داتاکان، سڕینەوەی ناوی مردووەکان)، جگە لە تۆمارکردنی هێزە چەکدارەکان و ئەمنییەکان و ئاوارەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمسیۆن لەرێگەی یەک هەزار و ٧٩ ناوەندی تۆمارکردنەوە لە سەرتاسەری عێراق پێشوازی لە دەنگدەران دەکات، جگە لەوەی تیمی گەڕۆک رەوانەی دامودەزگا و فەرمانگەکانی حکومەت دەکات، بۆ هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە گرنگی نوێکردنەوەی تۆماری هەڵبژاردن.

باسی لەوەشكرد، لە ئێستادا کۆمسیۆن کاردەکات بۆ ئامادەکردن و چاككردنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن، بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی کارامەو مافی ئەو دەنگدەرانەشی کە پەنجەمۆری بایۆمێترییان دیار نییە، لەرێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ناسینەوەی چاو و دەموچاوەوە زامنكراوەو پێویست ناکات هەموو دەنگدەران سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن، هەرکەسێک کارتی دەنگدانی هەبێت وێنەی كەسێتی لەسەر بێت و زانیارییەکانی نەگۆڕابێت، دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەکاریبهێنێت.

وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان جەختیشیکردەوە، کۆمسیۆن بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەی ئەنجومەنی وەزیران دیاری دەكات.