ڕوانگە - دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا، عێراق رووبەڕووی کێشەیەکی گەورە دەکاتەوە و وەه چاوەڕێ دەکرێت دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران گرفتی بۆ دروست ببێت.

لەمبارەیەوە ئاژانسی شەفەق نیوز، لە زاری سەرچاوەیەکی ئابورییەوە ئاشکرایکرد، دابەزینی نرخی نەوت بۆ 65 دۆلار یان کەمتر، کێشەیەکی گەورە بۆ ئابوریی عێراق دروستدەکات، بەتایبەتی کە بودجەی عێراق پشت بە نەوتی خاو دەبەستێت بۆ 93%ی داهاتەکانی.

ڕونیشیکردۆتەوە:"بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە ئابوریی وڵاتەکەی بگات، پێویستە عێراق کەرتی کشتوکاڵی و پیشەسازی چالاک بکات، بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردن و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و رێگریکردن لە بەقاچاغبردنی دراو بۆ دەرەوەی وڵات.

ئاماژەی بەوەشکردوە: عێراق لە ئەمساڵدا رووبەڕووی کێشە دەبێتەوە لە دابینکردنی بودجە بۆ مووچەی مووچەخۆران؛ بۆ ئەوەی ئەم قەیرانەش روونەدات، پێویستە حکومەت خەرجیی ناپێویست لە بودجەدا کەمبکاتەوە.

هەروەها ئەو سەرچاوەیە دەشڵێت: بۆ رزگاربوون لە بارگرانیی بودجەی گشتی، پێویستە حکومەتی عێراق پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی لە بانکەکان یان بانکی ناوەندی ببات، ئەگەر ئەمە بەس نەبێت، عێراق ناچار دەبێت لە دەرەوەی وڵات قەرز بکات، بەمشێوەیەش عێراق جارێکی دیکە دەکەوێتە ناو تەڵەی قەرزی دەرەکییەوە.