ڕوانگە - جەنابی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەڵێت : بە مامەڵەی ژیرانە عێراقمان لە چوونە نێو شەڕ دوورخستەوە. بەڵام ئایا بەڕاستی تەواو عێراق لە جەنگە گەورەکە دورخراوەتەوە ؟
یەک : گومانیتیادانیە کە جەنابی سەرۆکوەزیران، هەوڵێکی زۆریداوە بۆئەوەی عێراق لە هێرشەکانی ئیسرائیل بپارێزت و تائێستا لەمەدا سەرکەوتوبووە.
دوو : سەرکەوتوبوە چونکە ئیدارەکەی بایدن و هاوڕێکانی نەیاندەویست کە عێراق لەم جەنگەوە بگلێت و هاوکاری جەنابی سودانی بوون.
سێ : بەڵام جەنابیان دەزانن کە ئیدارەی ترامپ تا ئەم ئێوارەیەش ئامادەنیە کە هیچ گەرەنتیەک بە بەغداد بدات بۆ ڕێگاگرتن لە پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئەو هەشتا ئامانجەی کە دەستنیشانیکردوە.
چوار : بەغداد باشدەزانێت کە ئەو هێرشانە دواخراون بۆ پاش دەرنجامی دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران کە لە عومان دەستیپێکردوە. واتە لە ئێستادا تەنها لە نێوان دوکەوانەدان و چاوەڕوانن و هەڵنەوەشاونەتەوە.
پێنج : عێراق لای ئەمەریکا و ئیسرائیل مەلەفێکی سەربەخۆ نیە، وڵاتێکی خاوەن سەروەری نیە تا بەجیا مامەڵەی لەگەڵدا بکەن، بەڵکو هەمیشە وەک بەشێک لە مەلەفی ئێرانی و سەروەری ئێرانی و پرسی ئێرانی مامەڵەی لەگەڵدادەکەن.
شەش : عێراق خاوەنی هیچ جۆرە سیستمێکی بەرگری ئاسمانی و زەمینی نیە بۆئەوەی بتوانێت لە ساتەوەختی هێرشەکاندا خۆی بپارێزت و بەرگری لە خۆی بکات.
حەوت : بەغداد باشدەزانێت کە شکستی دانوستانی نێوان واشنتۆن و تاران، واتە پەلاماردانی ئێران و هەڵگیرسانی جەنگێکی گەورە لە ناوچەکەدا و عێراقیش ڕاستەوخۆ تێوەدەگلێت، چونکە هەم ئێران و هەم ئەمەریکاش ڕازینابن بێلایەنبێت.
هەشت : لەساتەوەختێکی واشدا، زۆر ئەستەمە کە عێراق وەک ئێستا بمێنێتەوە، زۆر ئەستەمە بەم سنورانەیەوە بمێنێتەوە، زۆر ئەستەمە بەم فۆرمە لە حکومەتداریەوە بێمێنێتەوە.
نۆ : بەڵگەنەویستێکی سیاسی هەیە کە دەبێت هەموومان ئاگاداریبین : ساڵی 1945 ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان تەنها 51 دەوڵەتبوو، ساڵی 1970 دەبێت بە 127 و ئێستاش 193 دەوڵەت !
دە : عێراق و لوبنان و سوریا و یەمەن و سودان و لیبیا، سەرەیان بۆهەڵوەشانەوە گرتوە و هەلومەرجی مانەوەیان تیادانیە.
یانزە : ئەم هەڵوەشانەوەیە پرۆسێسە و تەنها پێویستی بەکاتە و هیچیتر و هەڵوەشانەوەیان ژمارەیەک دەوڵەتی دیکە بۆ ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان زیاددەکات.