ڕوانگە - ڕاگەیاندنی فەرماندەیی هێزەكانی كۆماندۆی كوردستان ڕایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراواندا كۆتایی بە مۆڵگە و حەشارگەكانی دا*ع*ش و شانە نوستووەكانی تیر*ۆرستا*ن هێنرا و دەست بەسەر ژمارەیەك ئامێری پەیوەندیكردن و پەڕاوێكدا گیرا، كە زانیاری تێدا تۆماركراوە.

باس لەوەش دەکەن كۆماندۆی كوردستان لەرێگەی سەرچاوە و زانیاری وردی هەواڵگری لەگەڵ تیمێكی هاوپەیمانان لە سەعات ٤.٠٠ی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٣ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سنوری گەرمیان و بە دیاریكراوی "بەرزاییەكانی دوراجی"، دەستیان بە كێوماڵ كردنی ناوچەكە كرد و ژمارەیەك تونێل و حەشارگەی تیر*ۆرستا*ن، كە شوێنی حەوانەوە و هەڵگرتنی ئازوقە و بەندینخانەی كاتی بوو خاپوور كرد و یەكێك لە حەشارگەكەیان تەقاندەوە.

لەكاتی كێوماڵ كردنەكەدا و بەهۆی سەختی شوێنەكە و نەبوونی رێگەی ئۆتۆمبێل سود لە ئامێری "شۆفڵ" بینرا بۆ دروستكردن و چاککردنی ڕێگاكە، تا هێزەكان بتوانن بگەنە ئامانجەكان، هاوكات لە ئاسمانەوە فڕۆكەی هاوپەیمانان چاودێری كۆی ئۆپەراسیۆنەكەی كرد.

لە یەكێك لە تونێلەكان كۆماندۆی كوردستان دەستیان بەسەر چەند ئامێرێكی پەیوەنیكردن و چەند پەڕاوێكدا  گرت، كە زانیاری تێدا تۆماركراوە، بە كۆتا هاتنی ئۆپەراسیۆنەكە تەواوی حەشارگە و مۆڵگەكانی تیر*ۆرستا*ن، لەو ناوچەیە لەناوبراون و هیچ ئاسەوارێكیان نەما .