ڕوانگە - لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی 50 ساڵەی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت دا ئیبتهال ئەبو سەعد ئەندازیاری گەنجی کۆمپانیای مایکرۆسۆفت، بە سەرکردەکانی یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی تەکنەلۆژیای جیهان  و لەبەردەم بیل گەیتس، ستیڤ بالمەر و ساتیا نادێلادا هاوار کرد و وتی: مایکرۆسۆفت چەکی AI بە سوپای ئیسرائیل دەفرۆشێت .. پەنجا هەزار فەلەستینی شەهید کراون و مایکرۆسۆفت پارەی ئەو کۆمەڵکوژییەی گەلی فەلەستین دابیندەکات.

ئیبتیهال، بەرامبەر بە ئامادەبووانی هۆڵەکە ڕایگەیاند:"  شەرمەزاربن دەستی ئێوە و دەستی هەموو کارمەندانی مایکرۆسۆفت بە خوێنی مناڵانی فەلەستین سوورن.
ئەو ئەندازیارە پێش ئەوەی لە چالاکییەکە دووربخرێتەوە،  زۆر و بوێرانە ڕووبەڕووی سیاسەتەکانی کۆمپانیاکە بووەوە، کە بەپێی لێکۆڵینەوە ڕۆژنامەوانییەکان، پەیوەندییان بە پشتیوانیکردنی داگیرکارییەوە هەیە لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردەوە، وەک خزمەتگوزارییەکانی ئازۆر و مۆدێلەکانی ئۆپن ئای، کە بۆ ناسینەوەی ئامانجەکانی بۆردومانکردن لە غەززە و لوبنان بەکاردەهێنرێن.

هەڵوێستی ئەو ژنە ئەندازیارە لە کاتێکدایە کە شەو و ڕۆژ ئیسرائیل بە بەرچاوی ئەمەریکا و ئەوروپا و وڵاتانی جیهانەوە بۆردومانی غەززە دەکات و ژن ومنداڵی بێتاوان شەهید و بریندار دەکات و لە بەرامبەریشدا سەرکردەی دەیانی وڵاتی عەرەبی ئیسلامی نەیانتوانیوە هەر هێندەی ئیبتیهال، دەنگ هەڵبڕن و ناڕەزایەتی دەرببڕن.