ڕوانگە - وابڕیارە ڕۆژی چوارشەممە 2025/4/9 کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت و یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکانیش قسەکردنە لەبارەی دیاریکردنی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری
ئەو نرخەی دیاریدەکرێت دابەشدەبێت بەسەر چوار ئاستدا؛ سفر بۆ 400 کیلۆوات کە نرخێکی کەم و، 400 بۆ 800 بەهەمانشێوە بەنرخێکی کەم دادەنرێت، هەروەها ئاستی 800 بۆ 1200 کیلۆوات، بە نرخی مامناوەند و 1200 کیلۆوات بەرەو سەرەوە، بەنرخە گرانی کارەبا دادەنرێت.
ئەو نرخەی ئێستا هەیە ئەزموونییە و یەک کیلۆوات لە پرۆژەی رووناکیدا، لەنێوان 100 بۆ 150 دیناردایە، ئەو نرخەش ناڕەزایەتیی بەشێک لە هاونیشتمانییانی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن، بەهۆیەوە مانگانە پارەی زۆریان بۆ دێتەوە.
کارەبای 24 کاتژمێریی بۆ هەرێمی کوردستان نوێیە و زۆربەی وڵاتان ساڵانێکی زۆر لەوبوارەدا ئەزموونیان هەیە و نرخەکەشی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێ، هەریەک لە وڵاتەکانی ئوردن ، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئازەربایجان، تورکیا، بۆ کارەبای 24 کاتژمێری 10 بۆ 20 سەنت بە هەر کیلۆواتێک دەدەن، کە دەکاتە 150 بۆ 300 دینار.
لەبەرامبەردا چەندین وڵاتی دیکە، بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێر بەراورد بە هەرێمی کوردستان پارەیەکی کەمتر لە هاوڵاتییەکانیان وەردەگرن، لەوانەش هەریەکە لە؛ وڵاتانی "ئێران، سودان، عێراق، میسڕ، سووریا، عومان، قەتەڕ، کوەیت، بەحرەین، مالیزیا، سعودیە، ئەفغانستان، کازاخستان، رووسیا، تونس، پاکستان و چین" کە نرخی هەر کیلۆواتێک لەنێوان 2 بۆ 5 سەنت دایە کە دەکاتە 30 بۆ 75 دینار.
پرۆژەی رووناکی، ئامانجی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە لە هەرێمی کوردستان و تاوەکو ئێستا 415 هەزار هاونیشتمانی کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە و بڕیارە تاوەکو کۆتایی 2026 کارەبای تەواوی هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاتژمێری