ڕوانگە - بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە 2025/4/6 لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، مانگرتنی سەرتاسەری لەلایەن مامۆستایان و فەرمانبەرانی سەر بەوەزارەتی پەروەردەی عێراقەوە بەڕێوەبچێت و وەزارەتی پەروەردەش، داوادەکات مامۆستایان و فەرمانبەران پابەندی دەوامی ئاسای خۆیانبن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمانبەران و مامۆستایانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق داوای زیاد کردنی مووچە و شایستە داراییەکانیان دەکەن لەگەڵ پێدانی چەند مافێکی دیکە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی لیژنەی هەماهەنگیی مانگرتن، مووچەخۆرانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە زۆر بواردا ستەمیان لێ دەکرێت و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، هەربۆیە بڕیاری مانگرتن و بایکۆتی دەوامیان داوە.
هەر لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە "دەبێت یاسای خزمەتی پەروەردەیی لەگەڵ خزمەتی زانکۆیی لە ڕووی مووچە و دەرماڵە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێن کە دەرماڵەکانی بڕوانامە و ناونیشانی زانستی، هاتوچۆ، هاوسەرگیری و منداڵ، دەگرێتەوە."