ڕوانگە - سەپاندنی باج بەسەر زۆرینەی وڵاتاندا لەلایەن ئەمریكاوە یەکێکە لەو پرس و بابەتە گەرمانەی ڕۆژ کە لە جیهاندا گفتووگۆی زۆری لەبارەوە دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت  زیانێکی گەورە بە ئابوری ئەمریکاو جیهانیش بگەیەنێت، ئەمەش وایکردووە هەر لە ئێستاوە لە زۆرێک لە ویلایەتەکانی ئەمەریکا خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەبچێت.

بۆ باسکردنی ئەم پرسە و لێکەوتە ئابورییەکانی، یاخود سود و زیانەکانی لە ئێستاو داهاتوودا،پەیامنێری ڕوانگە  گفتووگۆیەکی تایبەتی ئەنجامدا  لەگەڵ، محمەد حسێن ئەندامی دەستەی کارگێڕی تۆڕی ئابوریناسانی عێراق.

ئەمەی خوارەوە دەقی گفتوگۆکەیە:

ئایندەی بڕیاری زیادکردنی باجی گومرکی سەروڵاتان لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە  چۆن لێکدەدەنەوە؟
وەک ئەوەی کە چاوەڕوان دەکرا دەرئەنجامەکانی بڕیاری گومرک سەپاندنی ئیدارەی ترەمپ لە دژی هەموو وڵاتانی جیهان، هەر لە ئێستاوە خراپ و بە زیانە؛ تەماشایەکی بازاڕی  پشکەکان و کاغەزەدارییەکان و بۆرسە جیهانیەکان بکەین یەکسەر دەزانین ئەوەی کە دەگوزەرێت کارەساتێکی ئابوریە. هەمووان زۆر بەخراپی کاردانەوەیان هەبوو بۆ ئەم بڕیارە وە بەهایی ئەو بازاڕانە بەشێوەیەکی زۆر دراماتیک و ترسناک دابەزیوە لە چوارپێنج ڕۆژی ڕابردوود. ئەوەی کە تائێستا ئاشکرایە زیانەکانی ئەم بڕیارە زۆر زۆر زیاترە لەو قازانجانەی کە ئیدارەی ترەمپ چاوەڕێی دەکات. ئەگەر هەژمارەی هەموو ئەو زیانانە بکەین لە دوومانگی ڕابردوودا لە بازاڕی پشکەکاندا تۆمارکراوە بەهۆی هەڕەشەکانی  گومرک سەپاندنی ئیدارەی ترەمپ لە ئەمەریکا و جیهانیشدا نزیکەی 11 ترلیۆن دۆلار لە بەهاکانیان دابەزیوە، لەکاتێکدا ئەگەر هەموو خەونەکەی ترەمپ بێتە دی و هەموو شتێک بە دڵی ئەو تێپەڕێت و بڕیارەکانی سەرکەوتووبێت بەوشێوەی چاوەڕێی دەکەن، ئەوا لە ئاستی دوور مەودا بە بەهای ٦ ترلیۆن دۆلار قازانج دەکەن لە بوژاندنەوەی بازاڕی کاری پشەسازیە قورسەکان و ئۆتۆمۆبیل؛ ئەمە ئەگەر هەموو ئەو خەیاڵانەی لە مێشکی ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەیدا هەیە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت کە تا رادەیەکی زۆر مەحاڵە. واتە بەشێوەیەکی زۆر ئاسان ئەوەی کە دەکرێت بوترێت لەسەر ئەم بڕیارەی ترەمپ، ئەوەیە کە ئەم سیاسەتی گومرک سەپاندنە پێچەوانەی هەموو ئەو لۆجیک وبنەما سەرەتاییانەیە کە لە زانستە ئابوریەکاندا هەیە. ناکۆکە بەهەموو ئەو ئەدەبیات و توێژینەوە دۆزینەوانەی تائێستا کراوە لە بواری  ئابوری-گشتی و ئیدارەدانی بازرگانی نێودەولەتی. هاوکات سەرتاپا پێچەوانەو دژی ئەو سیستەمی ئابوری بازاڕی ئازادەیە کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە دەستی پێکرد و لە دوای شەڕی ساردو ساڵانی ١٩٩٠ەکانەوە وەک سیستەمی ئابوری بازاڕی ئازاد  هەر ئەمریکا خۆی بە دنیادا بلاوی کردەوەو سەپاندیشی. 
ترەمپ و ئیدارەکەی دەڵێن: ئێمە لەڕێگەی سەپاندنی ئەم باجەوە تەرازووی بازرگانیمان هاوسەنگ دەکەینەوە لەگەڵ هەموو ڵاتان و کارێکیش دەکەین پیشەسازییەکان بگەڕێنینەوە بۆ ئەمەریکا، وە بازاڕی کار لە ئەمەریکا ببوژێنینەوە، بەڵام ئەم خەیاڵەی ترەمپ و ئیدارەکەی ئەگەر قابیلیەتی جێبەجێکردنیشی هەبێت ئەوا تێچووەکەی زۆر زیاترە لەو دەستکەوتانەی کە ئەوان لەو ڕێگەیەوە دەستیان دەکەوێت. بێگومان هەموو بڕیارێکی ئابووری هەم تێچووی هەیە و هەمیش قازانیش، خەڵکی ئاسایی و عەقڵانی بە جۆرێک بڕیاردەدات  کە قازانجەکانی لە زیانی زۆرتربێت، بەڵام ئەم بڕیارەی ترەمپ و ئیدارەکەی بەپێی هەموو لێکدانەوەکان بۆ گەلی ئەمەریکا و وە بۆ ئابووری دنیاش تێچووەکەی زیاترە لە قازانجەکەی. گرفتەکە لەوەدایە بە بڕوای ترەمپ و بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئیدارەکەی ئەمریکا لە پێنج دەیەی رابردوودا ببوە بە قوربانی سیستەمی بازرگانی ئازادی جیهانی و وڵاتانی تر بە خراپی مامەڵەیان لە گەڵدا کردووە. هەربۆیە بە پێویستی دەزانن کۆتایی بەم مۆدێلەی بازرگانی نێودەولەتی بهێنن و بەم گورک سەپاندنە بازاڕی کاری ئەمەریکا دەبوژێننەوە و وادەکەن ئەمەریکا دەوڵەمەندتربێت و  تەرازوی بازرگانی وڵاتەکەشیان لەگەڵ وڵاتانی دنیا هاوسەنگ دەکەنەوە، ئەم هاوسەنگیەش بەمانای ئەوەدێت ئەمەریکیەکان چەند شت لە دنیای دەرەوە دەکڕن ئەوەندش کاڵایان پێدەفرۆشنەوە، نە زیاتر و نە کەمتر.

سود و زیانەکانی ئەو بڕیارە، لە ماوەی نزیک و دورمەودادا چی دەبێت بۆ ئەمەریکا؟
ئاشکرایە لە ئاستی کورت مەودا، ئەوە هەموو داتا و پێنوێنیەکانی بازاڕ پێمان دەڵێن کە زیانەکانی ئەم بڕیارەی ئیدارەی ترەمپ چەندە وە چۆنە. تاڕادەیەکی زۆر ئابووری ئەمەریکا و هەموو دنیاشی خستۆتەسەر ئەو ڕەوتەی کە ئێستا تەنها چاوەڕوانی داکشانییان لێدەکرێت، یان زۆربەی گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتی خاوبوونەوەی گەشەی ئابووری دنیا و بڕو ئاستی چۆنیەتی لەدەستدان و خاوبونەوەی گەشەی ئابوریە. زۆر بە کورتی، ئێستا ترس هەیە لەوەی کە قەیرانێکی دیکەی دارایی و ئابووری یەخەی جیهان و ئەمریکاش بگرێت بەهۆی ئەم بڕیارەوە، ئەمە لە ئاستی کورت مەودا، وە لە ئاستی دوور مەودا هەمان ئەم ترسە بەردەوامە لەلای ئەوکەسانەی کە بەشێوەیەکی ئاسایی و نۆرماڵ کاری شیکردنەوەی ئابوری دەکەن. هاوکات لەلای ترەمپ و بەرپرسانی ئیدارەکەی چاوەڕوانیەکان و تێگەیشتنەکان بە جۆرێکی ترە. ئەوان دەڵێن: ئێمە بەم بڕیارانە لە ئاسی نزیک مەودا تاڕادەیەک زیان دەکەین، بەڵام لە ئاستی دوور مەودا ئەم بڕیارانە بەسود و قازانجی هەموو خەڵکی ئەمەریکا تەواو دەبێت. ئەمە ئەوەیە کە ئەمەریکا و گەلەکەی دەوڵەمەند دەکات، هەروەها دەرفەتی کار بوژاندنەوەیان لە بازاڕدا بۆ زیاد دەکات وە کواڵێتی و ئاستی ژیانکردنیان بەرزدەکاتەوە، بەڵام بەلای زۆرێکەوە ئەمە لەوەناچێت بێتەدی. ئاشکرایە ئەم بڕیارە هەر لە سەرەتاوە دەبێتە هۆی هەڵئاوسانێکی گەورە. هەموو هەڵاوسانێک توانای کڕین کەم دەکاتەوە، کەواتە خواست بۆ کڕینی کالاو خزمەتگوزاریەکانیش کەم دەکاتەوە، دواجار کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرەکانیش ناچارن چالاکیە ئابووریەکانیان کەمبکەنەوە. هەر لە ئێستاوە خەڵک لە کار دورخستنەوە  و داخستنی هەندێک بەشی بزنسەکان لە هەندێک شوێنی ئەمەریکا و جیهانیش دەستی پێکردووە. دەبینین خەڵکێکی زۆر لە ئەمەریکا و لە دنیاشدا خەریکە کارەکانیان لەدەست دەدەن بەهۆی ئەم بڕیارەوە، کە ئەمە زیانەکانێتی لە ئێستادا، بەڵام ئایە لە ئایندەدا ئەو دەستکەوت و قازانجانەی دەبێت بۆ گەلی ئەمەریکا و ئیدارەی ئەمەریکا وەک ئەوەی کە ترەمپ وبەرپرسەکانی ئەمەریکا چاوەڕێی دەکەن؟ ئەمەیان تاڕادەیەک سەختە و کەس ناتوانێت گرەنتی بکات بۆ ئایندەیەکی نادیار، وە بەلای زۆرێکیشەوە بەپێی لێکدانەوە ئابووریەکان ئەمە نایەتەدی.

پێتان وایە ئەمەریکا و بەتایبەت ترەمپ لەسەر ئەم بڕیارەی بەردەوامبێت، بەتایبەت کە بڕیارە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ناتانیاهۆ سەردانی ئەمەریکا بکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکادا کۆببێتەوە و  یەکێک لە تەوەری کۆبونەوەکانی قسەکردنە لەسەر ئەم پرسە؟
ترەمپ و ئیدارەکەی سوورن لەسەر ئەم بڕیارانە،بەڵام لە ئێستادا تەنها ١٠% گومرک سەپێدنراوەتە سەر کالاهاوردەکراوەکان لە هەموو وڵاتانی دنیاوە، ئاستەکانی دیکەی گومرک سەپاندن لە رۆژانی داهاتووە (لە دوای ١٠ی ئەم مانگەوە) دەست پێ دەکات بە بڕی جیاجیا. ئەمە تاڕادەیەک قابیل بە دانوستانە لەگەڵ ئەو وڵاتانە. ڕەنگە بەوجۆرە ئەو ژمارانەی ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی دەکات وەک گومرک دوابڕیار نەبێت. پێدەچێت لە ئەنجامی دانوستان و گفتووگۆ بەشێک لەو ژمارانە کەم بکرێنەوە، چونکە ئەو بڕە تەخمینەی کە ترەمپ دایناوە، ئەمە گومرگ سەپاندنە بەهەمان ئەو بڕەی کە وڵاتانی دیکە گومرک و باجیان سەپاندووە بەسەر کاڵاکانی ئەمەریکادا. هاوکێشەی هەژمارکردنەکەی ترەمپ هەڵەیەو زیادەڕۆی تێدایە، وە ئەو شێوازی حیسابکردن و هەژمارکردنەی ئەوان گومرکی وڵاتانی دیکەیان پێخەمڵاندووە دەقیق نییە. لەبەرئەوە واچاوەڕێ دەکرێت لەئەنجامی گفتووگۆ و دانوستاندن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا بەتایبەتی چین و یەکێتی ئەوروپا و یابان و ئەو وڵاتانەی کە هاوبەشی گەورەی بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکان هەندێک لەو ژمارانە بگۆڕدرێن. هاوکات خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە لەناو ئەمەریکا و لە جیهانیشدا دروست بووە لە دژی ئیدارەکەی ترەمپ. وا چاوەڕێ دەکرێت بەمزووانە ئیدارەکەی ترەمپ توشی شۆکی گەورە ببێت لە ئەنجامی ئەم بڕیارانەی. بۆیە پێناچێت بتوانێت تا کۆتایی لەسەر ئەم بڕیارانە بەردەوام بێت، لەبەرئەوەی یاسا ئابووریەکان لە ژیاندا وەکو یاسای کێشکردنی زەوی وان، هیچ کەس و سەرکردە و وڵاتێک هەرچەندە زلهێز و بەتواناش بێت ناتوانێت بە کەلەڕەقی لە دژیان بووەستێتەوە. 
ئێمە لەساڵانی ڕابردوودا بینیمان ئەردۆگان چۆن یاری به نرخی لیرە دەکرد بە پێچەوانەی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە دیاریکراوە بۆ دەستکاریکردنی نرخی لیرە، دواجار بینیمان بەهای لیرەی تورکی بەجۆرێک دابەزاند کە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە، رەنگە بە چەند دەیەکی تریش ئەو زیانانەی بۆ قەرەبوو نەکرێتەوە. بڕواناکەم ترەمپ کەلەڕەقانە هێندەی ئەرۆگان لەسەر بڕیارەکانی خۆی بەردەوام بێت، چونکە ترەمپ لەناو بازاڕ و بزنسەوە هاتووە و لە کۆتایدا قازانجی دەوێت. ئەگەرچی تێگەیشتنیشی بۆ ئەم گرفتانە درەنگ بکەوێت، بەڵام لە ئەنجامدا هەردەبێت تێ بگات. هەرچەندە ئەمە پرسێک نییە کە من پێشبینی بکەم، بەڵام لە ئایندەیەکی نزیکدا ئیدارەی ترەمپ دووچاری قەیرانی زۆرگەورەی ئابووری و دارایی دەبێت. ڕەنگە ئەمە سەربکێشێت بۆ قەیرانی ئاسایشی نیشتیمانیش لە ئەمەریکا؛ ئەوکات ناچارن چاو بە بڕیارەکانیان بخشێننەوە. ناکرێت چاوەڕوانی دۆخێک بکەین کە ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا گۆشەگیربکرێت لە سیستەمی بازرگانی ئازادی جیهانی. دواجار سنورێک هەیە بۆ هەموو سەرکێشیەک.