سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کوردستان جەختیکردەوە کە کێشە و قەیرانە ناوخۆییەکانی ئەمریکا دەرفەتی گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوە لە جۆبایدن دەگرێت.

مەحمود عوسمان نوێنەری پێشووتری پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە هاتنەسەرکاری جۆبایدن و دیمۆکراتەکان لە ئەمریکا بە میدیایەکی ئێرانیی ڕاگەیاند کە بە گشتی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هاتنی سەرۆک کۆماری دیمۆکرات یان کۆماریخواز تووشی گۆڕانکاری نابێت بەڵام ڕەنگە شێوازی جێبەجێکردنی سیاسەتەکان هەندێک جیاوازیی هەبێت.

ناوبراو وتی کە ئەمریکای ئێستا تووشی کێشە و قەیرانی ناوخۆیی بووەتەوە، بە تایبەت قەیرانی کۆرۆنا کە ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ئەو وڵاتەی کردووەتە قوربانی و لە دۆخێکی وەهاشدا دەرفەتی سیاسەتی دەرەوە لە ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی دەگیرێت.

ئەم سیاسەتمەدارەی کوردستان وتی کە ئەمریکای بایدن وەک هەمیشە خۆی لە پاراستنی ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت و لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش سیاسەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە کاریگەریی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و تەل ئەبیب وەردەگرێت.

مەحمود عوسمان سەبارەت بە سیاسەتی ئەمریکا لە عێراقیش وتی: سیاسەتی ئەمریکا لە عێراق تووشی گۆڕانکاری جیدی نابێت بەڵام ئەم سیاسەتە پەیوەندی بە سیاسەتەکانی واشنتن سەبارەت بە ئێرانەوە دەبێت و کەمتربوونی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئێران دەتوانێت کاریگەری لە سەر سیاسەتەکانی ئەمریکا لە عێراق دابنێت./.