ڕوانگە - کۆمیسسۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، تۆماری ناوى دەنگدەرانى عێراق گەشتە نزیکەى 20 ملیۆن دەنگدەر.
موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدریش لە ئێستاوە ڕایگەیاندووە، بەشداریی هەڵبژاردن ناکات، ئەوەش دەرگاى بە رووى کۆمەڵێک بابەتى نوێدا کردوەتەوە کە یەکێکیان دواخستنى هەڵبژاردن و یەکێکى تریان دروستکردنى حکومەتێکى فریاگوزارە بۆ دەرچوون لەو کێشەگەورەیەى کە لە سایەى ناکۆکییەکانى ئێران و ئەمریکا لەسەر گۆڕەپانى عێراق ئەگەرى یەکلایی کردنەوەى هەیە.
ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت هەلێک بۆ هەندێک لەپارتەکان هاتووتە پێشەوە کە قەرەبووى کەمبوونەوەى کورسییەکانیان بکەنەوە و بەشێکیش چاویان بڕیوەتە ئەو گەنجانەی کە یەکەمجاریانە دەنگدەدەن و بەشێکى دیکەش بەخۆشحاڵییەوە لەبەشدارینەکردنى رەوتى سەدر دەکەن کە بە 73 نوێنەرەوە لە پرۆسەى سیاسی کشایەوە.
چاودێرانی سیاسی باس لەوەدەکەن، شانسی سودانى لە بەڕێوەچوونى هەڵبژاردندایە و وا چاوەڕێدەکەن زۆرینەى دەنگی رەوتى سەدر بچێت بۆ ئەو، بەمەش نەیارەکانى پەرێشانن و لە بیری دروستکردنی سیناریۆی دیکەدان.