ڕوانگە - مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق سێ تۆمەتباریان دەستگیرکرد کە مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردبوو.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" دوای ئەوەی زانیاری گەیشتە هێزەکانی پۆلیس لەبارەی سێ تۆمەتبارەوە کە مامەڵەیان بەدراوی ساختەوە کردووەو لەچەند دووکانێکی قەزای سەیدسادق ساغیانکردۆتەوە، هێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونیان دەستپێکردو دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا هەرسێ تۆمەتبارەکە لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادقەوە دەستگیربکرێن.

وتیشی:"لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا دەستگیرا بەسەر بڕێک لەپارە ساختەکەدا.

سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"تۆمەتباران (پ، ک، س ١٨ ساڵ - م، ب، م ١٩ ساڵ - ڕ، ئـ، م ٢٢ ساڵ) دانیان بەتاوانەکەیاندا ناوەو لەئێستادا بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٢٨٩ لەیاسای سزادان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامە.