ڕوانگە - دوای ڕوخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لەسور، دەوترێت تورکیا توانیویەتی هەژموونی خۆی لەو وڵاتە بسەپێنێت و هەروەها هەوڵی ئەوەش دەدات لە عێرق دا جێگەپێی خۆی قایم بکات، بەڵام سەرۆکی حزبێکی سیاسی پێچەوانەی ئەم بۆچونانە پێیوایە تورکیا نەک نەیتوانیوە هەژمونی خۆی لەناوچەکەدا بسەپێنێ، بەڵکو بەپێچەوانەوە ڕۆژلەدوای ڕۆژ لە پاشەکشێدایە، هەروەها لەبارەی ئەگەرەکانی هێرشکردنەسەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕونیدەکاتەوە، کە هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەمەبەستی گۆڕانکاری نییە لە ئێران دا، بەڵکو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پەلوپۆ هاوشتنانەی ئێرانە لەم ناوچەیەدا، کاروخ سەید ڕزگار سەرۆکی حیزبی کڵپەی نیشتیمانی کوردستان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:"ئەو هێرش و پەلامارانەی کە ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەستی پێکردووە،چاوەڕێ دەکرێت ئێرانیش بگرێتەوە، بەڵام هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران بەمەبەستی گۆڕانکاری نییە لە ئێران دا ، بەڵکو بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پەلوپۆ هاوشتنانەی ئێرانە لەم ناوچەیەدا.
وتیشی:"ئەمڕۆ بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکا وادەخوازێت کە هەندێک دەسەڵات لە بەشێک لەو وڵاتانە لەسەر هێڵی گۆڕاکاری بن، لەوانە عێراق و تورکیا و سوریا هەرچەندە ئەوەی لە سوریا ڕویدا بۆماوەییە نەک ئەوەی کە ئەم دەسەڵاتەی ئەحمەد شەرع ببێت بە بەدیلی دەسەڵاتی دەوڵەتێکی سیستەماتیک، هەروەها ئەوەی کە لە تورکیاش ڕوودەدات پێماندەڵێت کە تورکیاش لەسەر هێڵی گۆڕانکارییە، وە ئێرانیش وەک وڵاتێکی بەهێز لە ناوچەکەدا خۆی دەبینێت بۆیە هەندێکجار لە هەندێک وڵات کە بەرژەوەندی هەیە و دەیەوێت بەرژەوەندیەکانی بپارێزێت، یاخود دەستێوەردانێک بکات وادەکات لە داهاتوودا ئەمەریکا و ئیسرائیل وەڵامی بدەنەوە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی کەئایە ئەوەی دەوترێت کە تورکیا لە سوریا بووە بە وڵاتێکی باڵادەست و دەوێت لە عێراق یشدا هەژموونی خۆی بسەپێنێ تاچەند بۆچونێکی دروستە و ئایە ئەم باڵادەستییەی تورکیا تاکەی بەردەوام دەبێت؟ کاروخ سەید ڕزگار ڕونیکردەوە:"تورکیا نەک لە سوریا، بەڵکو لە هەموو شوێنەکاندا لە پاشەکشەدایە، چونکە من پەیوەندیم لەگەڵ هێزە ئۆپۆزیسۆنەکانی ئەو وڵاتەدا هەیە و ئاگادارم، ماوەی ساڵێکە لایەنگرانی "فەتحوڵڵا گویلەن" دەستیان کردووە بە ڕێکخستنەوەی هێزی چەکدار لە "یۆنان" و هەروەها لەناوخۆشدا بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیانی تورکیا لەگەڵ فەتحوڵڵا گویلەنن و وە لە کودەتای ١٦ تەموزی ٢٠١٦ بە هەزاران ئەفسەر و سەربازی و تەنانەت فەرمانبەرانی ئاسایی ئەمانە لە بەندینخانەکانی تورکیان، وە تورکیا هەم لەڕووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیشەوە لە پاشەکشێدایە، هەمیش ئەو دەسەڵاتەی ئێستا لە تورکیادایە، دەسەڵاتێکی تەواو دیکتاتۆرە و لەڕووی ئابووریەوە تەواو داڕوخاوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشوتر ئەندام بوو لە ناتۆ ئێستا دواین پێگەی ناتۆ کە هاتبونە تورکیا، ئیسپانیابوو ئێستا ئیسپانیاش کشاوەتەوە و هەرچی چەک و سەکۆی بەرگری ئاسمانی هەبو لە تورکیا هەمووی کشانووەتەوە، وە دەتوانم بڵێم ئێستا تورکیا ئامادەکراوە بۆ گۆڕانکاری سوڵتە، نەک گۆڕانکاری سیستەم، بۆیە ئەو دەسپێشخەریەشی کە کاتی خۆی ئەردۆگان و باخچەلی کردیان بۆ کورد، کە مەرجیان ئەوەبوو پەکەکە چەک دابنێت و پرۆسەی ئاشتی بەرپابکەن، بەڵکو ئەوە سینارۆیەک بوو لەو سینارۆیانەی کە ئەردۆگان و باخچەلی دایانناوە دەیانەوێت جەبهەیەکی نەتەوەی عەسکەری لە خۆیان کپ بکەنەوە لە ناوخۆی تورکیا، ئەگەر نا ئەوا ئێستا تورکیا لەسەر هێڵی گۆڕانکارییە و لەداهاتوودا دەیبینین کەچۆن گۆڕانکاریەکان ڕوودەدات.