زایەڵە - سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت دواکەوتن، بەڵام دەڵێت: "گفتوگۆی جیددی لەنێوان پارتی و یەکێتی هەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت."

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بە سەردانێک لە ئیماراتە، رۆژی سێشەممە 08-04-2025 لەبارەی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "گفتۆیەکی جدیی لەنێوان ئێمە و یەکێتی هەیە. ئێمە لەسەر رێچکەیەکی دروست بۆ پێکهێنانی حکومەت دەڕۆین."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە پێکهێنانی حکومەت بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دوابخرێت و گوتی، "گفتوگۆی ئێمە بۆ ئەوەیە بەزووترین کات حکومەت پێکبهێندرێت، هیچ نییەتێک نە لەلایەن ئێمە نە لەلایەن یەکێتییەوە بۆ دواخستنی پێکهێنانی حکومەت نییە."

 دوایین جار لە 18-3-2025، شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆبوونەوە، ئەوکات راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتبوو کۆبوونەوەکەیان "ئەرێنی" بووە. بڕیارە لە کۆبوونەوەکانی داهاتوویان باسی دابەشکردنی پۆستەکان بکەن.

 سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئیمارات هاوکاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی لووتکەی وەبەرهێنان لەو وڵاتە، کە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشدارە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی کردن.

 نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند: "ئەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان بەدەست نەدەهاتن، ئەگەر کەرتی تایبەت لەگەڵ حکومەت نەبووایە. دەمانەوێ شایەتی ئەوە بین، کە وەربەهێنەری ناوخۆ زیاتر وەبەرهێنان بکەن، لە دەرەرەش وا بکەین وەبەرهێنەری زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن."

سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی وەبەرهێنانی ئیماراتی کرد لە هەرێمی کوردستان و، گوتی "ئیمارات زۆر بە جیددی هەوڵدەدات رێگەی وەبەرهێنانی لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هەوڵدەدەن نێردەی تایبەتی وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن. ئەمەش هەنگاوێکی گەورەیە بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان."

 نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەدا قەبارەی بازرگانیی نێوان ئیمارات و عێراق 30 ملیار دۆلارە، کە بەشێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستانە. گوتیشی، ئامانجی ئێمە ئەوەیە وەبەرهێنەری زیاتری ئیماراتی روو لە هەرێمی کوردستان بکەن.

 بەپێی ئامارەکانی دەستەی وەبەرهێنان لە 1-8-2006ـەوە تاوەکو 7 تشرینی دووەمی پار، 1,304 پڕۆژە لە هەرێمی کوردستان مۆڵەتیان پێدراوە، کە سەرمایەکەیان 70 ملیار و 870 ملیۆن و 942 هەزار و 995 دۆلار بووە.

 سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، بە‌غدا بە تایبەتی سەرۆکوەزیران هەموو ئیشێکی کردووە کە نەیانهێشتووە عێراق بکەوێتە نێو ئەو گێژاوە. گوتیشی: "عێراق خۆی کێشەی زۆرە، بە هیچ شێوەیەک نابێت پەلکێش بکرێت بۆ ناو کێشە. سیاسەتی عێراق ئەوەیە کە نەهێڵن ئەو ئاگرە بگاتە عێراق."

هەروەها لەبارەی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بە بۆری بۆ تورکیا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەکە "تەکنیکییە".

 لە ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکووک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبەرژەوەندیی حکومەتی فیدراڵیی عێراق.