ڕوانگە - بڕیارە رۆژ شەممە لە میرنشینی عوممان، گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و ئێران لەسەر پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دەست پێبکات، سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانیش ناوی شاندی دانوستانی هەردوولا ئاشکرا دەکەن.
نوورنیوز ئاژانسی هەواڵی ئیرانی و چەناڵە فەرمییەکانی ئەو وڵاتە لە سەر تۆڕی کۆمەڵایەتی تێلیگرام بڵاویان کردەوە، رۆژی شەممەی داهاتوو (12ـی نیسانی 2025) هەردوو شاندی تاران و واشنتن لە عوممان دەست بە گفتوگۆ و دانوستانەکانیان دەکەن، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆڤ نێردەی تایبەتی ئەمەریکا سەرپەرشتی گفتوگۆکان دەکەن، کە ئێران بە ناڕاستەوخۆ و ئەمەریکا بە راستەوخۆی دادەنێن.
هەر لەوبارەیەوە، سێ بەرپرسی ئاگاداری ئێران بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمەریکی قسەیان کردووە و رایانگەیاندووە: گفتوگۆکانی رۆژی شەممە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچن.
شاندەکان لەیەک باڵەخانە و دوو ژوری جیاواز دادەنیشن
ئاماژەیان بەوەشکردووە؛ تێگەیشتنی ئێران بۆ ئەو گفتوگۆیانە جیاوازییەکی کەمی هەیە لەو لێدوانانەی ترەمپ سەبارەت بە پڕۆسەکە، هەردوو شاند لە دوو ژووری جیاواز دادەنیشن و دیپلۆماتکارانی عوممان نامە و پەیامەکانیان ئاڵوگۆڕ دەکن و دەگەیەنن.
لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسە ئێرانییەکان بە نیویۆرک تایمزیان وتووە: دەرگای تاران کراوەیە بۆ گفتوگۆی راستەوخۆ، ئەگەر دانوستان و گفتوگۆ سەرەتاییەکان ئەرێنی بن و هەنگاوێک بچنە پێشەوە.
ترەمپ: گفتوگۆکان راستەوخۆن
شەوی رابردوو لەکاتی پێشوازی کردن لە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند: رۆژی شەممە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران ئەنجام دەدەن و کۆبونەوەکانیان بەشێوەیەکی راستەوخۆ بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە پرسی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.
سەبارەت بە لەمپەرکانی بەردەم رێککەوتنی هەردوولا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند: ئێران لە مەترسییەکی گەورەدایە، ئەگەر دانوستان و گفتوگۆکان شکست بهێنن.
ترەمپ لە کۆشکی سپی بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند: گفتوگۆی راستەوخۆمان دەبێت لەگەڵ ئێران، کۆبونەوەکان کە رۆژی شەممە دەستپێدەکەن زۆر گرنگن، چاوەڕوانین بزانین چی روودەدات.
وتیشی: "دڵنیام هەمووان هاوڕان لەسەر ئەوەی باشترە بگەینە چارەسەر و رێککەوتن، گفتوگۆکان لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەدەچن، بە ئەگەری زۆر دەگەینە رێککەوتن".
سەرۆکی ئەمەریکا جارێکی تر جەختی کردەوە کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر گفتوگۆکانیش سەرکەوتوو نەبوون، رۆژێکی خراپ چاوەڕوانی ئێران دەکات.
عێراقچی: گفتوگۆکان ناڕاستەوخۆن
لەبەرامبەردا، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە: گفتوگۆکانی عوممان ناڕاستەوخۆن و لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەدەچن، تۆپەکەش لە گۆڕەپانی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکادایە.