ڕوانگە - دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی بڵاویان کردەوە گوایە تورکیا و ئیسرائیل گەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دروستکردنی هێڵێکی داماڵدراو لە پێکدادان لە سوریا؛ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژە بەوە دەدات ئەم جۆرە دەنگۆیانە بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە و دوورن لە ڕاستییەوە.  

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا بە پێویستی زانی خەڵک تەنیا متمانە بەو ڕاگەیەندراوانە بکەن کە لە لایەن دامەزراوە فەرمییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، نەک ئەو دەنگۆیانەی بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە و دوورن لە ڕاستییەوە.

ئەو ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کاتێکدایە چەند سەرچاوەیەکی سەربازی و میدیایی ئیسرائیل بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە تورکیا و ئیسرائیل ڕێککەوتوون بۆ دروستکردنی هێڵێکی داماڵدراو لە پێکدادان لە سوریا تاکوو ڕێگە لە تەشەنەسەندنی گرژییەکان و هەڵە لێکتێگەیشتن بگیرێت لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا.

دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ژمارەیەک فڕۆکەخانە و بنکەی سەربازیی سوریا، کە تورکیا دەیویست وەک بنکەی سەربازیی بەکاریانبهێنێت، چەند سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئاشکرایان کرد، هەردوو وڵات، لەسەر دابەشکردنی سوریا رێککەوتون.

سەرچاوە سەربازی و رۆژنامەوانییەکانی ئیسرائیلی بڵاویان کردوەتەوە، ئیسرائیل پێشنیازی بۆ تورکیا کردووە، سوریا بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەش بکەن و هەرلایەک هەژموونی خۆی بەسەریدا بسەپێنێت و ناوچەیەکی کەمیش بۆ دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع بهێڵرێتەوە تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکار دەبێت.

رێککەوتنی پشت پەردە

رۆژنامەی یەدیحوت ئەحرەنوتی ئیسرائیلی ئاشکرای کردووە؛ لە پشتی پەردەوە تورکیا و ئیسرائیل گفتوگۆ لەسەر پڕۆژەیەک دەکەن، بۆ دابەشکردنی سوریا بەجۆرێک باکوری سوریا بۆ تورکیا بەجێدەهێڵرێت، رۆژهەڵاتی سوریا (رۆژئاوای کوردستان) بۆ ئەمەریکا، باشور و رۆژهەڵاتیش لەژێر هەژمونی ئیسرائیلدا دەبێت، کەناراوەکانی سوریا لە تەرتوس لەژێر هەژمونی روسیادا دەمێنێتەوە، سەبارەت بە حکومەتی دیمەشقیش ئیسرائیل پێی وایە ئەوە ئیدارەیەکی کاتییە و ناوچەیەکی کەمی بەدەستەوەبێت تا ئەوکاتەی حکومەتێکی سەقامگیر و سەربەخۆ و هەڵبژێردراو دەستبەکاردەبێت، ئەوەش چەند ساڵێکی پێویستە.

چوار سەرچاوەی سەربازیی ئاگادار ئاشکرایان کردووە، دوای هێرشەکەی هەفتەی رابردوو بۆ سەر ئەو بنکە و فڕۆکەخانانەی کە تورکیا بە نیازبوو لێی جێگیربێت لە (بنکەی تی فۆڕ و تەدمور و حەمما) تورکیا دەستبەرداری بەشێکیان بووە، دواتر تیمێکی ناردووەتە ئەو بنکانە بۆ زانینی ئاستی زیانەکان و پەیامێکیشی ئاڕاستەی ئەمەریکا و ئیسرائیل کردووە، کە بوونی سوپای تورکیا لە سوریا، هیچ مەترسییەکی لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل نییە و بۆ ئەوەش ئامادەیە هەموو گرەنتییەک بدات. 

دوای روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و گرتنەدەستی دەسەڵاتی دیمەشق لەلایەن بەرەی تەحریری شام بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئیسرائیل گومانی هەبوو لەوەی تورکیا ئەو دۆخەی سوریا بقۆزێتەوە بۆ سەپاندنی هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر ئەو وڵاتەدا و ئەوەشی بە مەترسی راستەوخۆ لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت.

سایتی میدڵ ئێست ئای بڵاوی کردەوە: ئیسرائیل مەترسیی هەبوە، کە تورکیا کۆنتڕۆڵی ژمارەیەک بنکەی سەربازیی و ئاسمانی سوریا بکات و رێگریی لە فڕینی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بکات بەسەر ناوچەکەدا، بۆیە هەرزوو سەرجەم ئەو بنکانەی لە حەمما و تەدومور و حمس و دیمەشقی کردە ئامانج و لەناوی بردن.

هێرشەکانی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل پەیامێکی توندی گەیاندە تورکیا، هەرزوو هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند: نایانەوێت روبەڕوی ئیسرائیل ببنەوە و پێکدادان لەنێوانیاندا روبدات لە سوریا، سوریەکان بە تەنها خۆیان بڕیار لە چارەنوسی وڵاتەکەیان دەدەن.

ئەوەش دوای هۆشدارییەکی ئیسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هات کە پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا کرد و رایگەیاند: رێگەدان بە دەستوەرانی هەر وڵات و نەیارەکانی ئیسرائیل لە ناوچەکە و دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتیمانی، باجەکەی قورس دەبێت.

هەرچەندە وەزیری بەرگری، بەهیچ شێوەیەک ناوی تورکیای نەهێنا، بەڵام جەختی کردەوە لەناوبردنی بنکەی تی فۆڕ و فڕۆکەخانەی سەربازیی تەدمور و حەما و بنکەیەکی سەربازیی نزیک دیمەشق، پەیامە بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت هەژموونی خۆیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن.