ڕوانگە - دوای تپێەڕبوونی 37 ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال بەرامبەر بە گەلی کورد، کەچی تائێستا حکومەتی عێراق ئامادەنییە هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، قەرەبووی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بکاتەوە و ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت؛"وەزیری دارایی عێراق پی ڕاگەیاندوین بۆ قەرەبووکردنەوە تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکمان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."
شوان کەلاری ئەندامی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند؛"چەند جارێکە کەس وکاری ئەنفالکراوان و شەهیدان و زندانیانی سیاسی ، لێدوانی ژمارەیەک پەرلەمانتاری ئێستاو پێشووی کورد لە بەغدا هەروەها ژمارەیەک بەناو ڕۆشنبیر و سیاسی کوردستانم بۆ دەنێرن کە دەڵێن: حکومەتی عێراق پارەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعسی ناردووە و حکومەتی هەرێم خواردوویەتی و پارەکەی نەداوە بە زیانلێکەوتووان، بەداخەوە ئەم لێدووانانەی پەرلەمانتاران و بەناو سیاسی و ڕۆشنبیران عەیبەیەکی گەورەیە و جگە لەوەی چەواشە کردنی کەس وکاری شەهیدان و ئەنفالکراوەکان و زیانلێکەوتوانی دەستی بەعسە و دەچێتە خانەی خزمەت کردن بەو عەقڵێتە شۆڤێنیەی کە لە بەغدا بونی هەیە و دژی هەرێمی کوردستان ئیش دەکەن، هەروەها ئەو لێدوانانە لێدانێکی گەورەشە لە مافی ڕەوای زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو."
وتیشی:" ئەو پەرلەمانتارو بەرپرسانەی کورد بە وردی ئاگایان لەوەیە کە حکومەتی عێراق ملیارەها دۆلار و دینار قەرەبووی زیانلێکەوتوانی دەستی بەعسی لە هەموو عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان٫ کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوامەو تائێستا ٥٢ ملیار دۆلار قەرەبووی دەوڵەتی کۆیتی کردووەتەوە.
شوان کەلاری ڕونیشیکردەوە؛" لەبری ئەوەی وەکو ئێمە شەڕی ئەوە بکەن کە بەغدا هاوشێوەی باشورو ناوەڕاستی عێراق قەرەبووی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش بکاتەوە کە چی بەپێچەوانەوە کاردەکەن و بوون بە داردەستی بەغدا و دژی حکومەتی هەرێم وەستاونەتەوە ، ئەوەی بەغداد شەرم دەکات بیڵێت ئەوانەی لای خۆمان شەرم ناکەن و بێشەرمانە دەیڵێن، لە کاتێکدا بەغدا خۆی دەڵێت: قەرەبووی خەڵکی کوردستانم نەکردووەتەوە کەچی ئەوانەی خۆمان کە بەدەنگی خەڵکی کوردستان چوونەتە بەغداد دەڵێن بەغدا قەرەبووی کردوینەتەوە."
شوان کەلاری ئەندامی پەرلەمانی عێراق و جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان و بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەڕلەمانی عێراق ئاشکرایشیکرد؛"
هەر لەسەر بنەمای لێدوانی ئەم پەرلەمانتار و بەرپرسانەی کوردستان کە لەبری ئەوەی نوێنەری خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستان بن و لە دژی بەغداد شەڕی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بکەن ، بەداخەوە بوون بە دەمڕاست و نوێنەری بە بەغدا و شەڕ لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەکەن و خەڵکی کوردستان چەواشە دەکەن٫ ساڵی پار لە لیژنەی شەهیدانی پەرلەمانی عێراقەوە نوسراوێکم ئاراستەی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق کردو پرسیاری ئەوەمان کرد کە ئایا تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە لایەن ئێوەوە نێردراوە بۆ حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتوانی دەستی ڕژێمی ڕووخاوی بەعس ، لەوەڵامدا وەزارەتی دارای حکومەتی فیدراڵ بە ئیمزای طیف سامی، وەڵامی داوینەتەوە و دەڵێت: بۆ قەرەبووکردنەوە تا ئێستا هیچ بڕەپارەیەکمان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە."