ڕوانگە - وەزیری دەرەوەی ئێران وەکوو دانوستانکاری باڵای وڵاتەکەی لە دانوستان لەگەڵ وەفدی ئەمریکی "بە دەسەڵاتی تەواوەوە" بەرەو عومان بەڕێكەوت.

عەلی شەمخانی، راوێژكاری ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری خۆی لە ئێكس، ئاشكرایكرد،  عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە دەسەڵاتی تەواوەوە بۆ دانوستانی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریكا بەرەو عومان بەڕێكەوت.

عەلی شەمخانی وتوشیەتی، تاران، دور لە نمایش و قسەكردنی بەر كامێرا، هەوڵی گەیشتن بە رێككەوتنێكی راستەقینەو عادیلانە دەدات، پێشنیاری گرنگ و شیاوی جێبەجێكردن ئامادەن، ئەگەر واشنتۆن بەڕاستگۆیی و خواست بۆ رێككەوتنەوە بێتە پێشەوە، ئەوا رێگەی گەیشتن بە رێككەوتن، رون و هەموار دەبێت.