ڕوانگە - لە دانوستانی ناڕاستەوخۆی ئەمڕۆی ئەمریکا و ئێراندا چوار پەیام لە نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمەریکیدا ئاڵوگۆڕکراوە و خولی دووەمی وتووێژەکانیش هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ لە عومان، خولی یەکەمی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئەمریکا و ئێران بەڕێوەچوو، کە لایەنی عومانیش ئاڵوگۆڕی پەیمەکانی هەردوولای دەکرد بۆ یەکتری.

لەبارەی دانوستانەکەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بۆ ماوەی دوو کاتژمێر و 30 خولەک گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆمان کرد.

ئەوەشی ئاشکراکرد، کە چوار پەیام لە نێوان لایەنی ئێرانی و ئەمەریکی ئاڵوگۆڕکراوە، لایەنی عومانیش ئاڵوگۆڕی پەیامەکانی دەکرد.

عراقچی ڕاشیگەیاند، خولی دووەمی وتووێژەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕۆژی شەممەی داهاتوو19ـى نیسان بەڕێوەدەچێت.

بەدر سەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لەبارەی خولی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران کە لە وڵاتەکەی بەڕێوەجوو رایگەیاند، شانازیی منە کە ئەمڕۆ لە شاری مەسقەت میوانداری دوکتور عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکاف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بکەم و نێوەندگیری بکەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی وتووێژ و دانوستان بە ئامانجی هاوبەشی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و پابەندکەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، کە دانوستانەکە لە کەشێکی دۆستانە و گونجاودا بۆ نزیککردنەوەی دیدگاکان و دواجار بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی ئەنجامدرا.

لێدوانی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و عومان لەسەر خولی یەکەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران، لەکاتێکدایە تا ئێستا بەرپرسانی ئەمریکا لەسەر هیچ ئاستێک لێدوانیان نەداوە و زانیاریان ئاشکرا نەکردوە.