ڕوانگە - سەرۆکی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت؛" گفتوگۆکانیان لەگەڵ تاران بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕوات و وەها لە دەرئەنجامی گفتوگۆکان دەڕوانێت کە لە بەرژەوەندی ئێران بێت و دۆخی ئێران زۆر باش بێت."
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێوان ئەمەریکا و ئێرانەوە ڕایگەیاند؛" تا ئەوکاتەی کۆبونەوەکان بە ئەنجام دەگات، حەزناکەم هیچ شتێک لەبارەی کۆبوونەوەکانەوە بڵێم، بەڵام دیارە کۆبوونەوەکان باش دەڕوات و من وەهای دەبینم کە دۆخی ئێران زۆر باش دەبێت."
دوێنێ شەممە ٢٠٢٥/٤/١٢ بەرپرسانی هەردوو وڵات لە عومان کۆبوونەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەسەر گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی بکەن. ترەمپ پێشتر هەڕەشەی لە تاران کردبوو، ئەگەر بە ئاشتی، بەرنامە ئەتۆمییەکەی سنووردار نەکات، ئەوا ئێران بۆردوومان دەکات.
هەردوو وڵات رایانگەیاند، گفتوگۆکەیان "ئەرێنی و بونیاتنەرانە" بووە و رێککەوتوون شەممەی داهاتوو ١٩ـی نیسان، جارێکی دیکە کۆببنەوە.
ئەوە یەکەمین گەڕی گفتوگۆی نێوان واشنتن و تاران بوو لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی سپی، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەشێوەی "راستەوخۆ" لە مەسقەت، گفتوگۆی لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "ویتکۆف بۆ د. عێراقچی دووپاتکردەوە کە لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە راسپێردراوە بۆ ئەوەی، ئەگەر بکرێت، ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە رێگەی گفتوگۆ و بە دیپلۆماسی چارەسەر بکات. ئەمانە هەندێ پرسی زۆر ئاڵۆزن."
کۆشکی سپی جەخت دەکاتەوە کە "گفتوگۆی نێوانیان هەنگاوێکە بەرەو پێشەوە بۆ بەدیهێنانی ئەنجامێک کە سوودی بۆ هەردوولا هەبێت."