ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی گرنگی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و دەرئەنجامی دانوستانەکان و بەرژەوەندی ئێران لەم دانوستانەدا، عادل عەبدڵڵا قادر نوسەر و چاودێری سیاسی ڕایگەیاند؛" لەبەرئەوەی ئێران فشارێکی زۆری لەسەرە بۆیە دەبێت بەهەرجۆرێک بێت دانوستان لەگەڵ ئەمەریکادا بکات، چونکە ئەوەی ئێستا لە ناوچەکەدا ڕوودەدات و ئەو جەنگەی کە ئیسرائیل بەرپای کردووە ڕەزامەندی ئەمەریکای وەرگرتووە، بۆیە تەنها هێزێک لەم ناوچەدا بتوانێت بەرپەرچی ئەمەریکا بداتەوە تەنها ئێرانە، وە بە دیوێکی دیکەشدا ئێران باشترین وڵاتە بۆئەوەی ئەمەریکا بیانوی مانەوەی بەدەستەوەبێت بۆئەوەی لەم ناوچەیەدا بمێنێتەوە."
وتیشی؛"ئەوەی بۆ ئێران گرنگە لەم کاتەدا ئەوەیە کە پارێزگاری لە مانەوەی سنوری خۆی بکات و لەگەڵ ئەوەشدا فشارێکی زۆری لەسەرە لەبارەی بازرگانیکردنەوە لەگەڵ عێراقدا و هەروەها ئەمەریکا بەدیوێکی دیکەدا ئەم فشارانەی بۆ سەر ئێران زیاتر بۆ مەبەستی بازرگانی دەکات، چونکە ئەمەریکا مەبەستی نییە کە ئێران لە ناوچەکەدا نەمێنێت، چونکە مانەوەی ئێران بیانویەکی گەورەیە بەدەست ئەمەریکاوە بۆئەوەی لەم ناوچەدا بمێنێتەوە، وە ئەگەر ئێران لە ناوچەکەدا نەمێنێت ئەوکات ئەمەریکا چۆن دەتوانێت بازرگانییەکی قوڵ بکات و ئەو هەموو چەک و جبەخانەیە بە وڵاتانی ئیمارات و قەتەر و سعودییە بفرۆشێت، بۆیە بابەتەکان ئاڵۆزن و ئەم دانوستانانە زۆر پرسی گرنگ یەکلای دەکاتەوە."
ڕونیشیکردەوە؛"ئەمەریکا زۆر بیری لەلای کۆریای باکور و ئێرانە، تەنها بۆئەوەی کە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا لەو دوو وڵاتە کاربکەن و ئەم دوو وڵاتە لەڕووی سیستمی بانکییەوە بچنەژێر هەیمەنەی سندوقی نەقدی دەولییەوە."
باسی لەوەشکرد؛"دانوستانەکان لە بەرژەوەندی ئێرانن، چونکە هەنگاوێکە بۆ مانەوەی سنوری ئێران وەکوخۆی، ئەگەر سەیری سنوری ئێران بکەین ئەوەی کە ئێستا لەسەر نەخشەی جیهانی هەیە جیاوازە لە وسنورەی کە ئێران هەیمەنەی هەبوو بەسەریدا، بۆیە ئێران ئەگەر بتوانێت تەنها پارێزگاری لەوسنورەی خۆیبکات کە لەسەر نەخشەی جیهانی هەیە ئەوا براوەی ئەم دانوستانانە دەبێت."
ڕونیشیکردەوە؛"ئەوەی وادەکات باوەڕ بەوە بێنین کە ئێران لەم دانوستنانەدا براوەدەبێت ئەوەیە کە ئێرانیەکان لە دانوستاندا زۆر ئارامن و ئەوەی کە بیانەوێت بەدەستی دەهێنن و لەبەرامبەردا کەمترین شت دەدەن بەدەستەوە، چونکە ئەگەر سەیری هەڵوێستی ئەمەریکا بکەین دەبینین ترەمپ لە خولی یەکەم و ئەم خولەشدا بەتەواوی دژی پرسی ئەتۆمی ئێران بوو، بەڵام دوێنێ هەڵوێستێکی پێچەوانەیان هەبو کە ڕازیبوون بەوەی کە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ هەندێک خزمەتگوزاری گرنگی وەک کارەبا بکات، بەمەرجێک سەرنەکێشێت بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی."