ڕوانگە - بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی هەرێم، پێشبینیدەکات ئەمڕۆ دوشەممەو سبەی سێشەممە، شەپۆلێکی باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، لەناوچە شاخاوییەکانیش ئەگەری بەفربارین هەیە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی هەرێم ڕایگەیاند، پێشبینیدەکرێت، لەئەنجامی هاتنی نزمە پاڵ پەستۆی دەریای سورو تێكەڵبونی بارستە هەواییەكی سارد، ئهمڕۆ دوشەممە ئاسمانی هەرێم هەورو نیمچە هەور دەبێ، باران بەشێوەی نمە بارانو بارانی مامناوەند لەناوچەی جیا جیاکان دەبارێت، هەروەها كاریگەری ئەم شەپۆلە لەشەوی دوشەممە لەسەر سێشەممە زیاد دەبێت، هەروەها ئاستی دابارین مامناوەندو هەندێ كاتیش لێزمە بارانو هەورە تریشقەش دەبێت.
ڕونیشیکردۆتەوە، لەگەڵ زیادبونی كاریگەریی نزمە پاڵە پەستۆی دەریا سور، پێشبینیدەکرێت، لەڕۆژی سێشەممە شەپۆلی باران فراوانو زیاتر دەبێت، لەسەرجەم ناوچەكان باران دەبارێت، لەدرەنگانی شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە، كاریگەری ئەم شەپۆلە كۆتایی دێت، هەروەها پێشبینی زیادبونی خێرایی باو تۆزو خۆڵدەکرێت، ئەگەری بارینی بەفرێكی كەمیش لەسەر لوتكەی ناوچە شاخاوییە سنورییەكان هەیە.