ڕوانگە - بڕیاروایە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥/٤/١٤ دانیشتنی پەڕلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایی بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە بەڕێوەبچێت و ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت؛" ئەگەر دانیشتنەکە ئەنجام نەدرێت ئەوا هەڵوێستمان دەبێت

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"ئێمەوە وەک نوێنەرانی کورد لە پەڕلەمانی عێراق بەبێ جیاوازی و هەروەها سەرکردایەتی کورد، هەموومان کارمان کردووە بۆئەوەی ئەمڕۆ پرۆژەی یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەڕلەمانی عێراق تێپەڕێنرێت

وتیشی؛" ئەگەربێت ئەندامانی دیکەی پەڕلەمانی عێراق ئامادەی دانیشتنەکەنەبن و وەکو جاری پێشو گرفت بۆ دانیشتنی پەڕلەمان دروست بکەن  ئەوا وەک فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەڕلەمانی عێراق هەڵوێستی جدیمان دەبێت و بایکۆتی دانیشتنەکانی ناو پەڕلەمان دەکەین

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕونیشیکردەوە؛" ئەگەرچی ئێمە پێشوتر بەڵێنمان لە پەڕلەمانتارانی عراق وەرگرتووە بۆئەوەی ئامادەی دانیشتنەکەبن، بەڵام بەداخەوە چەند کاتژمێرێکی ماوە بۆئەوەی دانیشتنی پەڕلەمان دەستپێبکات، بەڵام تائێستا ڕێژەیەکی زۆر لە پەڕلەمانتارانی عێراق ئامادەنین، بۆیە نازانین ئایە ئەمڕۆ ئەوپرۆژە یاسایە تێدەپەڕێت یاخود نا