ڕوانگە - دوای هەوڵ و ماندوبونێکی زۆری نوێنەرانی کورد لە بەغدا دواجار پەڕلەمانی عێراق بە فەرمی دانی نا بە بوونی هەڵەبجە وەک چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و نۆزدەهەمین پارێزگای عێراق، ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراقیش لە فراکسیۆنی یەکێتی ڕایدەگەیەنێت؛" بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەرفەتێکی گەورەی هەلی کارکردن بۆ گەنجانی ناوچەکە دەڕەخسێنێت."

چرۆ حەمە شەریف ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"ڕاستە ڕۆژی ٤/١٤ بۆ گەلی کورد ڕۆژێکی پڕ لە ئازار و ناڕەحەتییە، بەڵام لەو ڕۆژەدا ئێمە توانیمان تۆزێک لەو نەهامەتیانەی گەلی کورد کەم بکەینەوە بەوەی کە هەڵەبجەمان کردە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و ١٩ هەمین پارێزگای عێراق."

وتیشی؛"وەک کچە هەڵەبجەییەک بەتایبەت لەم خولەی پێنجەمی پەڕلەمانی عێراقدا بۆ ئەوە هاتوومەتە ناو پەڕلەمان کە بتوانم هەوڵێکی لەوجۆرە بدەم کە هەڵەبجە ببێت بە پارێزگا."

چرۆ حەمە شەریف ڕونیکردەوە؛" گرنگی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لەوەدایە کە لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان بودجەی بۆ دیاری دەکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەند خاڵێکی سنوری لە هەڵەبجەدا بونی هەیە بۆ لەمەودوا ئەو خاڵە سنوریانە دەبن بە فەرمی"

ئەندامەکەی پەڕلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد؛"فەرمانگە فیدراڵیەکان لە ناو هەڵەبجەدا بونیان هەیە، بەڵام هەر فەرمانگەن و بەڕێوەبەرایەتی نین، بەڵام لە دواجاردا ئەوانە دەبن بە بەڕێوەبەرایەتی کە ئەمەش دەستکەوتێکی باش دەبێت بۆ هەڵەبجە."

چرۆ حەمە شەریف ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی ئاشکرایشیکرد؛" کردنی خاڵە سنوریەکان بە فەرمی دەبێتەهۆی ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر  بۆ گەنجانی پارێزگای هەڵەبجە ."