ڕوانگە - ڕاینەکردنی مامەڵەکانیان لە بازگەی باوەمەحمود لە سنوری قەزای خانەقین نیگەرانی گەورەی لای شۆفێرانی ئەو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرانە دروستکردووە کە لە سنوری پەروێزخانەوە بارەکانیان دەگوازنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواری عێراق، قایمقامی قەزای خانەقینیش ڕایدەگەیەنێت؛" لە ئێستادا لە هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەوگرفتە."

جەواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"هۆکاری سەرهەڵدانی ئەو گرفتە ئەوەیە کە ئەو ڕێگایە یەک سایدە و دەرفەتی ئەوەی نییە کە فراوان بکرێت، هەروەها لەگەڵ ئەوەشدا لەو بازگەیەدا ژمارەیەک دەزگای جیاواز بونیان هەیە و هەریەکە و ڕێنمای خۆی جێبەجێ دەکات،  کە بەداخەوە بەشێک لەو دەزگایانە بەدەست کارەکانیان دەکەن و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دروستبوونی ئەوگرفتە."

وتیشی:" یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دروستبونی  ئەو گرفتە ئەوەیە کە کارەبای نیشتیمانی وەک پێویست نییە و تا ئێستا مۆلیدەیەکی بۆ دابیننەکراوە کە ئەمەش وادەکات گرفت دروست بێت."

قایمقامی قەزای خانەقین ڕونیشیکردەوە؛"ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتە و ئەوەی بە ئێمەش دەکرێت ئەوەیە کە مەفرەزەیەکی مرور بنێرین بۆئەوەی ئەو ئۆتۆمبێلانە ڕێکبخەن و نەهێڵن ڕووەو ساید بێن، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو بازگەیە لەژێر دەسەڵاتی بەغدادە بۆیە ئێمە وەک بەرپرسانی کورد کۆببینەوە و فشارێک دروست بکەین بۆئەوەی ئەو بازگەیە بگوازینەوە بۆ بازگەی (ئەنوار) لە سنوری جەلەولا- خانەقین، هەروەها یەکێکی دیکە لەچارەسەرەکان ئەوەیە کە سایدی دووەمی ڕێگای کەلار-خانەقین، دروست بکەین ئەوا دەتوانین ئەو گرفتە چارەسەربکەین، بەڵام ئێمە هەوڵ دەدەین ئەو بازگەیە لەو شوێنەی ئێستا بگوازینەوە کە ئەوە ڕێگا چارەیەکی زۆرباشە."

جەواد فەیزوڵڵا قایمقامی قەزای خانەقین ئەوەیشی خستەڕوو؛" هەبوونی ئەو گرفتە نیگەرانی گەورەی لای تەواوی ئەو شۆفێرانە دروست کردووە کە لە سنوری پەروێزخانەوە بارەکانیان دەگوازنەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق."