ڕوانگە - لە پەیامێکدا لە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستاندا، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەوازی هەموو لایەنەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان.

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایشیگەیاندووە؛"بانگەوازی هاوڵاتیان دەکەین بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە بەرامبەر بە ژینگە، بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە و چاندنی نەمام، کەمکردنەوەى پاشماوەکان لە ماڵەوە، هەروەها پێویستە کەرتی تایبەت پابەند بێت بە ستاندارتە ژینگەییەکان."
دەقی پەیامەکەی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

لە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستاندا کەدەکاتە رۆژی (١٦/٤)ی هەموو ساڵێک ، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دروشمی " ژینگەی کوردستان، گەورەترین سەرمایەی هەموومانە" یادی رۆژی ژینگەى‌ كوردستان ده‌كاته‌وه‌.

ئێمە کە ئەم ژینگەیەمان لەباووباپیرانمانەوە وەرگرتووە ، ئەمانەتێکە بۆ نەوەکانی داهاتوومان. ئەم سروشتە جوانە، بە شاخە بەرزەکانیەوە، دەشت و دۆڵە سەوزەکانیەوە، ڕووبارە خڕۆشاوەکانیەوە و دارستانە چڕەکانیەوە، نەک تەنها جوانییەکی بێوێنە دەبەخشێت بە نیشتمانەکەمان، بەڵکو بەشێکی گرنگیشە لە ناسنامەی نەتەوەییمان. سروشتی کوردستان سەرچاوەی خۆراک و پێداویستییەکانمانە، پەناگەی جۆرە دەگمەنەکانی گیانلەبەران و ڕووەکەو، سەرچاوەی ئەو ئاوە پاکەیە کە ژیان و کشتوکاڵمان پێ بەردەوام دەبێت.

لەبەر ئەوەى دەستەی ژینگە، بەپێى یاسا دەستەیەکى بەدواداچوون و چاودێریە، بۆیە ئیش و کارە جێبەجێکاریەکان بەپێى تایبەتمەندى بەسەر وەزارەت و دەستەکان دابەشکراون، لەو روانگەیەوە بەبایەخەوە دەڕوانینە هەوڵە بەردەوامەکانى دام و دەزگاکانى حکومەت لەکابینەى نۆیەم لەبوارى کەمکردنەوەى دەرهاوێشتەکانى گازە زیانبەخشەکان بۆناو هەوا لەرێگاى هەڵگرتن و داخستنى پاڵاوگەکان و بەرەو کارەباى (٢٤) کاتژمێرى لەرێگاى پرۆژەى رووناکى کەبەهۆیەوە زیاتر لە (٧٠٠٠) هەزار مۆلیدە هەڵدەگیرێن، هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دامەزراندنى سیستەمێکى نوێى بەڕێوەبردن و چارەسەرکردنى پاشماوەى خۆڵ و خاشاک و ئاوەڕۆى شارەکان و رێکخستنى کارى پرۆژەکانى کەرتى تایبەت لەرێگاى یاساو رێنماییەکان و تەکنەلۆجیاى دۆستى ژینگەو هاندانى هاوڵاتیان بەرەو وزەى نوێبووەوە زۆر بەگرنگ دەزانین. 

ئەم هەنگاوانە کاریگەری ئەرێنى ڕاستەوخۆیان لەسەر ژینگەو تەندروستی هاوڵاتیان و، ئابووری هەرێم و ژیانی گیانلەبەران و ڕووەکەکانیش هەیە، دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلان و ستراتیژی فراوانی داڕشتووە به‌ هاوكاری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان له‌ حكومه‌تی هه‌رێم بۆ باشترکردنى دۆخى ژینگە و رووبەرووبوونەوەى کاریگەرییەکانى گۆڕانى کەش و هەوا.

بۆیه‌ بنەمای ستراتیژیەکەمان لەسەر چالاککردنی سیستەمی چاودێری و پشکنینی بەردەوام دەبێت بۆ سەرچاوەکانی پیسبوون، سەپاندنی سزای گونجاو بەسەر پێشێلکارانی یاساکانی ژینگە، گرنگی تایبەت دەدەین بە پاراستن و گەشەپێدانی سەرچاوە سروشتییەکان لە ڕێگەی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی لە شارەکاندا، پاراستنی دارستانەکان و بەرەنگاربوونەوەی بڕینی دارستان بە شێوەی نایاسایی، پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو، دانانی سنوور بۆ ڕاوکردنی گیانلەبەران، هۆشیارکردنەوەی ژینگەییش بەشێکی گرنگە لە ستراتیژیەکەمان به‌ هه‌ماهه‌نگی دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت، لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی لە ناو هاوڵاتیاندا و گرنگیدان بە بابەتی ژینگە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا.

لە ڕۆژی ژینگەی هەرێمی کوردستاندا، دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەوازی هەموو لایەنەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە پاراستنی ژینگەی کوردستان. بانگەوازی هاوڵاتیان دەکەین بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوتی ڕۆژانە بەرامبەر بە ژینگە، بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە و چاندنی نەمام، کەمکردنەوەى پاشماوەکان لە ماڵەوە، هەروەها پێویستە کەرتی تایبەت پابەند بێت بە ستاندارتە ژینگەییەکان، بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی، و وەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی دۆستی ژینگە. بانگەوازی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەکەین بۆ زیادکردنی هەڵمەتەکانی هۆشیاری ژینگەیی و بەدواداچوون و چاودێریکردنی پێشێلکارییە ژینگەییەکان. هەروەها، بانگەوازی میدیاکان دەکەین بۆ گرنگیدان بە بابەتە ژینگەییەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری.
دەستەی ژینگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس و پێزانینی بۆ رێزدار سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌یه‌، كه‌پاڵپشتی پرۆژه‌ و پلانی ده‌سته‌كه‌مان بوونه‌ له‌ پرسی ژینگه‌ و پابەندی خۆمان دووپات دەکه‌ینەوە بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان و دابینکردنی ژینگەیەکی پاک و تەندروست بۆ هەموو هاوڵاتیان، چونکە ژینگەی کوردستان سەرمایەی هەموومانە و پاراستنی ئەم سامانە نەتەوەییە، بەرپرسیارێتی هەموومانە."

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگەی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
                  ٢٠٢٥/٤/١٦