ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و گرنگی ئەو بڕیارە بۆ هێز و لایەنە ساسیەکانی هەرێمی کوردستان و گرنگیەکەی بۆ خەڵکی هەڵەبجە و، هەروەها کاریگەری بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە پتەوکردنی پەیوەندیەکانی ئەو پارێزگایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا  دکتۆر فەرهاد تۆفیق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند؛ پرسی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پرسێکی زۆر گرنگە، بەر لە هەموو شتێک بۆ هەرێمی کوردستان و پەیوەست بە پرسی کوردەوە،چونکە لەسەر دوو ئاست، کە ئەوانیش لەسەر ئاستی زیادبوونی ژمارەی پارێزگاکان و دیاریکردنی بودجە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان، چونکە ئەو دەستکەوتە مادییانەی کە بۆ پارێزگاکان تەرخان دەکرێت جیاوازە لەو بودجەیەی کە بۆ قەزاکان تەرخان دەکرێت، تەنانەت لەدیاریکردنی پلە و پۆست و ڕێکارە ئیداریەکان دا جیاوزیەکی زۆر هەیە، بۆیە لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان سودی لێ دەبینێت.

وتیشی؛ لە ڕووی دیاریکردنی ڕێژەی کورسی بۆ پارێزگاکە دیسانەوە کاریگەری خۆی هەیە، هەروەها لەڕووی سیاسیشەوە دیسانەوە کاریگەری هەیە، بەتایبەت پەیوەست بەو پرسانەی کە لە ئایندەدا دێنە پێشەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشۆرد، بوونی پارێزگای هەڵەبجە جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان تەنها پێکهاتبێت لە سێ پارێزگای دیاریکراو، بۆیە لەم ڕوانگەوە پەیوەست بە هەرێمی کوردستان کاریگەری باشی هەیە و وە دەستکەوتێکی گەورەیە.

دکتۆر فەرهاد تۆفیق ڕونیشیکردەوە؛بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بە نیسبەت هاوڵاتیانیشەوە دیسانەوە دەستکەوتێکی گەورە و کاریگەرییەکی گرنگی هەیە، چونکە بەر لە هەمووشتێک لە ڕووی دەرونییەوە جۆرێکە لە قەرەبوکردنەوەی ئەو قوربانیدانەی کە پارێزگای هەڵەبجە داوێتی، کە بەدەست ئەو حکومەتەی کە لە دوای ململانێیەکی زۆر بڕیاری بە پارێزگابوونەکەی دا کە میراتگری حکومەتەکانی پێشخۆیەتی، کە تاکە پارێزگایەکە لە لایەن حکومەتەکەی خۆیەوە کیمیاباران کرابێت، لەبەرئەوە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە گرنگی گەورەی هەیە بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.

وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد؛ بە نیسبەت پارتە سیاسیەکانیشەوە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، جگە لە بەرژەوەندییە حیزبیەکە، بەشێک لەو پارتانە بۆئەوە خەباتیان کردووە بۆئەوەی میللەتەکە بە مافەکانی خۆی بگات بۆیە خەبات کراوە، بۆیە ئێستا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بەشێکی کەمە لەو مافانەی کە بەو پارێزگایە دراوە.

دکتۆر فەرهاد تۆفیق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئەوەیشی خستەڕوو؛ئەوان وەکو پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان،  وێڕای ئەوەی کە پیرۆزباییان هەیە بۆ سەرجەم دانیشتوانی پارێزگای هەڵەبجە، لە هەمانکاتیشدا دڵخۆشن بەو هەوڵوماندوبونەی کە هەموو لایەنەکان بەگوێرەی توانای خۆیان و قەبارەی خۆیان داویانە و ئەنجامێکی باشی هەبووە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێیانوایە ئەمە کەمترین قەرەبوکردنەوەی پرێزگای هەڵەبجەیە، چونکە پارێزگای هەڵەبجە پێویستی بە قەرەبوکردنەوەی زۆر لەوە زیاتر هەیە جا چ  قەرەبوکردنەوەی مادی بێت یاخود قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی، چونکە هەڵەبجە نابێت تەنها وەک پارێزگایەکی ئاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵکو دەبێت قەرەبووی هەموو ئەو زیانانە بکرێتەوە کە بەرامبەری کراوە، کە ئەمە دیسانەوە بۆ گەرمیانیەکانیش ڕاستە کە ژمارەیەکی زۆر دانیشتوانی ئەنفالکراون، وە لەسەر بنەمای ئەم دانیشتوانە ئێستا بودجە دیاری دەکرێت، ئێستا هەم جارێک قوربانیان پێدراوە جارێکیش لەبەر ئەوەی ڕێژەی دانیشتوانەکەی کەمترە بودجەی کەمتری بۆ دیاری دەکرێت کە ئەمەش دیسانەوە هەرێمی کوردستانیش زیانی لێ دەکات، بۆیە گرنگە هەموو لایەنە سیاسیەکان هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی قەرەبووی ماددی و مەعنەوی خەڵکی هەڵەبجە بکرێتەوە، وە بودجەی تایبەتی بۆ دیاری بکرێت و زیاتر ئاوەدان بکرێتەوە، بەتایبەت کە هەڵەبجە پێکهاتەیەکی گرنگی هەیە هەم لە ڕووی جوگرافییەوە هەمیش لەڕووی ئەوی کە ناوچەیەکی بەپیتی کشتوکاڵییە و هەروەها ناوچەیەکی گرنگی بازرگانییە و کۆمەڵێک دەروازەی سنوریی گرنگی هەیە، کە گرنگە بکرێن بە نێودەوڵەتی کە ئەوەش کاریگەری لەسەر ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە دەبێت، هەم لەڕووی ڕۆشنبیریشەوە خاوەن تایبەتمەندیی خۆیەتی بۆیە ئەم تایبەتمەندیانەی هەڵەبجە دەخوازێت هەموو لایەنەکان پێکەوە ئیش لەسەر ئەوەبکەن کە هەم سنورەکەی فراوان بکرێت هەم قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێتەوە.

دکتۆر فەرهاد تۆفیق وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاشکرایشیکرد؛ذهەڵەبجە خاوەن کۆمەڵێک دەروازەی فەرمی و نافەرمیشە، کەدەکرێت ئەم دەروازانە هەمویان بکرێنەوە هەم لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵی هەم لەسەر ئاستی ئێران کە ئەم دەروازانە بکرێنەوە، وە لەڕێگەی ئەو دەسەڵاتانەی کە دراوە بە پارێزگاکان بە دڵنیایەوە پەیوەندی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا گەشەسەندوتر و باشتر دەبێت، دیارە لە ڕابردودا ئەو پەیوەندییەی کە پارێزگای سلێمانی لەگەڵ پارێزگای سنەدا هەیبو، بەدڵنیایەوە پەیوەندی هەڵەبجە  لەگەڵ ئێران دا زیاتر دەبێت، بەتایبەت کە هەڵبجە خاوەن ژمارەیەک دەروازەی سنورییە و لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش لەو سنورە بەهێزترن، بە دڵنیاییەوە لەمەودوا پەیوەندیەکان بەهێزتردەبن، بەراورد بە ئێستا.