ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی گرنگی بڕیار بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و هەروەها کاریگەری ئەوبڕیارە لەسەر باشتربوونی ژیانی خەڵکی ناوچەکە نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ڕایگەیاند؛ دوای بە پارێزگا بوونی هەڵەبجە، گۆڕانکاریەکی زۆر دەبێت لەڕووی بوژاندنەوەی یەکە کارگێڕیەکان و هەروەها لەڕووی بوژاندنەوەی ئابوورییەوە، چونکە ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی کشتوکاڵی و گەشت و گوزارییە و ئەو دوو سێکتەرە دەتوانن زۆر بە باشی پەرەی پێبدەین.
وتیشی؛ لەڕووی بازرگانییەوە هەڵەبجە خاوەنی دوو مەرزە و هەوڵدەدەین مەرزی سێیەمیش بکەینەوە، بۆیە لەوڕوانگەیەوە هەڵەبجە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە بە خۆیەوە دەبینێت، لەسەروی هەمووشیانەوە لەڕووی مەعنەوییەوە قەرەبوویەکی مەعنەوییە بۆ کەسوکاری قوربانیانی شەهیدان، هەروەها لەپاڵیشیاندا ئەو مافە دارایانەی کە هەیە بۆ کەسوکاری شەهیدان هەوڵ دەدەین ئەوانە دەستەبەر بکەین.
لەڕووی پتەوبوونی پەیوەندیەکانی هەڵەبجە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا، نوخشە ناسیح ئاشکرای کرد؛ ئێمە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە، بەڵام لە ڕابردوودا هەندێک ڕێگری ئیداریمان هەبووە لەبەرئەوە پارێزگا نەبووبێت، بەڵام ئێستا کە پارێزگایە پەیوەندیەکانمان باشتر و پتەوتر دەبێت، وە ئاماژەی بەوەشکرد٫کە ئەوان سوپاسی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن کە لە ساڵی ١٩٨٨ ەوە تا ئێستاش بەردەوام پەیوەندییانباشیان پێکەوە هەیە هەم لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەمیش لەڕووی سیاسییەوە و هەمیش لەڕووی کارگێڕی و ئیداریشەوە.
نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە ئەوەیشی خستەڕوو؛ ئێمە لەڕووی کارگێڕییەوە سنورێکی کارگێڕی بچوکمان هەیە، بەڵام لەدوای بە پارێزگابوون لەلایەن حکومەتی فیدراڵیەوە کار بۆ ئەوە دەکەین کە سنوری کارگێڕیمان زۆربێت و قەزای دیکەی بۆ زیادبکەین و چەند شوێنێکیشمان ئامادەیە بۆئەوەی بیکەین بە ناحێ، هەروەها لە ئایندەشدا هەوڵ دەدەین قەزایی سەیدسادق و شارەزوور بگەڕێنینەوە سەر هەڵەبجە، کە بۆ جێبەجێکردنی ئەوکارانە لەگەڵ حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەیخەینە بواری جێبەجێکردنەوە .