ڕوانگە - ئەندامێکی پەڕلەمانی عێراق لەبارەی پرسی مووچەی مانگی چواری فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوە ڕایگەیاند:" تائێستا وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی چواری ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردووە."
سۆران عومەر ئەندامی پەڕلەمانی عێراق لە لیستی کۆمەڵی دادگەری کوردستان بۆ ڕوانگە، ڕونیکردەوە؛"تا ئێستا نازانین گرفتەکانی بەردەم هەناردەکردنی مووچەی مانگی چوار چین، هەرکات لیستی مووچە ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا ئەوکات دەزانین گرفتەکان چین، هەرچەندە لە بابەتی داهاتی نانەوتی تائێستا هەرێم داهاتی دوومانگی ڕادەستی بەغدا کردووە، کە ٥١ ملیار و ٤٨ ملیاری ڕادەست کردووە کە بەغدا ئەوەی قبوڵ نەبووە، بۆیە دەمێنێتەوە سەرئەوەی کە ئایە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین تاچەند پێویستیان بە کوردە، "
وتیشی؛" لەڕووی سیاسییەوە ڕەنگە نێتیان بەرامبەر بە کورد باشبێت و ئەوەندە وردەکاری نەکەن لەو بابەتەدا، هەرچەندە ئەمساڵ کۆتا ساڵی بودجەی عێراقە و کۆتای بە بودجەی سێ ساڵی عێراق دێت و کەی حکومەتی نوێی عێراق پێکبێت، کەی یاسای بودجەی نوێ دەردەچێت ئەوە کاتی دەوێت و باوەڕناکەم لەساڵی ٢٠٢٦ دا حکومەت فریانەکەوێت یاسای بودجە دابنێت، بەڵام ئەوەی کە دەمێنێتەوە بڕیاری دادگای فیدراڵییە بۆ بەردەوامی پێدانی مووچە کە ئەمە جێگەی دڵخۆشییە و توشی دڵەڕاوکێ نابین کە یاسای بودجە نەمێنێت چۆن مامەڵە بکەین، بەپێچەوانەوە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە و زامنی مووچەی کردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێکهاتن لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراق، زەمانەتی جێبەجێ کردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی ئەبێت تێدابێت بۆ مووچە."