ڕوانگە - وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند"پەیوەندیەکانی نێوان تاران و مۆسکۆ، هیچ کات بە رادەی ئێستا، بەهێز نەبون، وەزیری دەرەوەی روسیاش" دەڵێت" هەردو وڵات هاوکاری یەکدی دەکەن بۆ روبەروبونەوەی سزا نێودەوڵەتییە نایاساییەکان کە بەسەریاندا سەپێنراون".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبونەوەی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسی هاوبەشدا رایگەیاند، گفتوگۆکانی رۆژی شەممەی تاران و واشنتۆن، بەشێوەی ناراستەوخۆ دەبن.

عێراقچی  جەختیشی لەوە کردەوە، پەیامی ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران بۆ سەرۆکی روسیا، دەرخەری پەیوەندیی قووڵی تاران و مۆسکۆیە.

 وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشی"پەیوەندییەکانی روسیا و ئێران، بە ئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕۆن و هیچ کات بە رادەی ئەمڕۆکە بەهێز نەبون، داواشی لە روسیا کرد، پاڵپشتی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بکات".


لای خۆشییەوە، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوی روسیا رایگەیاند"لە کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران، باسیان لە بەرەنگاربوونەوەی سزا نایاساییە نێودەوڵەتیەکان کردوە کە بەسەر هەر دو وڵاتدا سەپێندراون، وتیشی" ڕێکەوتنی ئابوری و بازرگانی گەورە لە نێوان تاران و مۆسکۆ واژۆ دەکرێت".