ڕوانگە - بڕیارە سبەی گەڕی دوەمی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوە بچێت، وەزیری دەرەوەی عومان هاوشێوەی گەڕی یەکەم ڕۆڵی نێوەندگیر لە دانوستانەکاندا دەگێرێت...
وەزارەتی دەرەوەی عومان لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، سبەی گەڕی دوەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، رونیشی کردەوە کە ئامانج لە دانوستانەکان، گەیشتن بە ڕێکەوتنێکی دادپەروەرانە پابەندکەر و بەردەوامە.
لای خۆشیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند"تەنها شوێنی دانوستانەکان لە ڕۆما دەبێت و هەر وەزیری دەرەوەی عومان، ڕۆڵی نێوندگیر دەبێنێت".
هەر لە چوارچێوەی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە رافائێل گڕۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، سەردانی ئێرانی کرد و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، گەیشتە مۆسکۆ کە بە گوێرەی میدیاکان، پرسی دانوستانەکانی رۆژی شەممە بەشێک لە تەوەری گفتوگۆکانی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین بوە.