ڕوانگە - بە دۆزینەوەی بڕێکی زۆری یۆرانیۆم و سۆریۆم، عێراق دەبێتە نۆیەم دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان لە روی سامانی سروشتییەوە، یەکەم وڵاتیشە لە روی چڕی سامانە سروشتییەکان، لەئێستاشدا دەیەوێت وەبەرهێنان لەو سامانە بکات و بەشێکیان بکاتە جێگرەوەی نەوت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند: عێراق ریزبەندی نۆیەمی گرتووە لە سەر نەخشەی دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانی لە روی سامانی سروشتییەوە، سامانی کانزای گرانبەها و ناکانزاکانی بە 16 تریلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، ئەوەش بەپێی چەند پێوەرێکی سەرەتایی جیهانیی.
لەو لێدوانەیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی کە ئەمڕۆ هەینی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە: لە روی چڕی سامانە سروشتییەکانەوە، عێراق یەکەمە لەسەر ئاستی جیهان و لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکی جوگرافیاکەی چەندین سامانی سروشتی جۆراو جۆری تێدایە، بەتایبەتی لە دۆڵی رافیدەینی دەوڵەمەند بە سامانی ژێر زەوی.
راوێژکارەکەی سەرۆک وەزیران دەڵێت: وەبەرهێنان لە کانزاکانی جۆر سۆریۆم و یۆرانیۆم، داهاتێکی گەورەی دەبێت و لە داهاتی نەوت زیاترە، لەگەڵئەوەی سۆریۆم جێگرەیەوەکی خاوێن و گرنگترە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا بەراورد بە یۆرانیۆم، بەستنەوەی بەهای دراوی نیشتیمانی بە وەبەرهێنان لەو کانزایانە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی چەندجارەی بەهاکەی و بەشداریی دەکات لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی.
مەزهەر محەمەد ئاشکرای کردووە: دۆزینەوەی بڕێکی زۆری سۆریۆم و یۆرانیۆم لە باشوری عێراق، هەواڵێکی گرنگ و ستراتیژییە لە فرەچەشنکردنی ئابوری نیشتیمانی، بە تایبەتی بەستنەوەی بە سیاسەتی وەبەرهێنان و بەستنەوەی بە پڕۆژەی رێگای گەشەپێدانەوە.
عێراق چاوی لەوەیە، دۆزینەوە و ئاشکراکردن و پیشەسازیی لەو دوو کانزا گرنکە، ببێتە هۆی پێشکەوتنی پیشەسازی نانەوتی و پێگەی جیۆ-ئابوری لەسەر ئاستی جیهان بباتە پێشەوە، بەتایبەتی بەستنەوەی بە رێگای گەشەپێدانەوە، ژمارەیەکی زۆر گەورە کۆمپانیای جیهانی رابکێشێت بۆ وەبەرهێنان لەو کەرتە کە توانای تەکنەلۆژی بەرزیان هەیە، لەگەڵ دەستەبەرکردنی هەلی کار بۆ بازاڕی عێراق.
راویژکاری سەرۆک وەزیران، پێیوایە کە وەبەرهێنانی کانزایی رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر سیاسەتی دارایی و نەختینەیی عێراق و لە رێگەیەوە سەقامگیریی نەختینەیی دەستبەر دەبێت و داهاتی نیشتیمانی زیاد دەکات و لە دەرەنجامدا خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان دەهێنێت.
مەزهەر محەمەد، گرنگی هەردوو کانزاکە (سۆریۆم و یۆرانیۆم) بۆ بازاڕی وزەی جیهان بە گرنگ دەزانێت، بەتایبەتی بونی کۆمپانیا گەورەکانی وەک هیندستان و چین و ئەمەریکا، بەوەش عێراق دەبێتە یاریکەرێکی گرنگ لە بواری وزەی جیاواز و کاریگەریشی دەبێت لەسەر رێڕەوی ئاسایش و وزەی نێودەوڵەتی.