ڕوانگە -  ئەمڕۆ گەڕى دوەمی دانوستانەکانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەڕۆما بەنێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچێت، ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێرانیش ده‌ڵێت:"ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ چوه‌ته‌ ڕۆما نەک بۆ تەسلیم بون".

عەلی شەمخانی ڕاوێژکاری عه‌لى خامنه‌یى ڕێبەری باڵاى ئێران ڕایگەیاند، دانوستانکارانی ئێران بەدەسەڵاتی تەواوەوە بەرەو ڕۆما بەڕێکەوتن بۆ پەیڕەوکردنی ڕێککەوتنێکی هەمەلایەنە لەسەر بنەمای نوێ، جددی، گەرەنتیدار، هاوسەنگ‌و هەڵگرتنی سزاکان، نەک مۆدێلی لیبیا/ئیمارات‌و بۆ دورکەوتنەوە لەهەڕەشە، خێرایی، کۆنتڕۆڵکردنی دەستدرێژکاران (وەک ئیسرائیل)و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنان، ئێران بۆ ڕێککەوتنێکی هاوسەنگ چوه‌ته‌ ڕۆما نەک بۆ تەسلیم بون".

له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران به‌ر له‌ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى كۆبونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌و وتى:"چەند خولەکێک پێش دەستپێكردنی دانوستانە ناڕاستەوخۆكانی نێوان تاران‌و واشنتۆن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەمان، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تاجانی وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئیتاڵیا لەسەر پەیوەندیی نێوان هەردو وڵات کۆبوینه‌وه‌".

وتوشیه‌تى، بەئامادەبونی وەزیری دەرەوەی عوممان كە وەك نێوەندگیر گفتوگۆكانی ئێران‌و ئەمریكا بۆ لایەنەكانی بەرامبەر دەگوازێتەوە دەستیان بەكۆبونەوەكانیان كردوە.