ڕوانگە - نزیکەى نۆ ملیۆن دەنگدەر لە عێراق و هەرێمى کوردستان لە مافى دەنگدان بێبەشدەبن بەو پێیەى خاوەنى کارتى بایۆمەترى دەنگدان نین و ناتوانن بەشدارى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق بکەن کە لە کۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.
بەپێی ئامارەکانى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان 29 ملیۆن و 118 هەزار کەس مافى دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنى داهاتوو، بەڵام نزیکەى 20 ملیۆنیان خۆیان لە سیستمى بایۆمەترى دەنگدان تۆمارکردووە .
حازم ردینى سەرۆکى سەنتەرى ستراتیژى بۆ مافى مرۆڤ لە عێراق رۆژى شەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، نۆ ملیۆن دەنگدەر لە مافى دەنگدان بێبەشدەبن، بەو پێیەى مافى دەنگدان بەستراوەتەوە بە خۆتۆمارکردنیان لە سیستى بایۆمەترى.
کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان رۆژى 25ى ئازارى ئەمساڵ دەرگاى خۆتۆمارکردنى دەنگدەرانى لە سیستمى بایۆمەترى کردەوە و پڕۆسەکە تا 24 ى نیسان بەردەوام دەبێت.
حازم ردینى داواى لە کۆمسیۆن کرد وادەکە درێژبکاتەوە، بۆ ئەوەى زۆرترین کەس بتوانن ببەنە خاوەنى کارتى ئەلیکترۆنى دەنگدان و خۆیان لە سیستى بایۆمەترى تۆماربکەن و زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە، تا بتوانن بەشدارى هەڵبژاردن بکەن.