ڕوانگە - ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەقاچاخ بردنی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە زیانێکی گەورە بەر ئابووری عێراق دەکەوێت.

عەلا حەیدەری، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژانە نزیکەی ١٨٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستانەوە بە قاچاخ دەبرێت كە زیانێکی بەرچاوی ئابوری بە عێراق دەگەیەنێت و بەهای نەوتی قاچاخەکەش ساڵانە بە نزیکەی چوار ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.

وتیشی؛" ئەو نەوتەی بەقاچاخ دەفرۆشرێت لە هەرێمەوە لە خوار نرخی جیهانییە و داهاتی رۆژانەشی ١١ ملیۆن دۆلارە".

ئەندامەکەی پەڕلەمانی عێراق باسی لەوەشکردووە، دوای بڕیارەکەی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەکردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی بە فەرمی راگیرا، بەڵام پرۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بووە و دەستكراوە بە هەناردەكردنی نەوت بەشێوەی نایاسایی، لە رێگەی تانکەر و ئامرازەکانی تری گواستنەوە، لەدەرەوەی چاودێری حکومەتی فیدراڵی.