ڕوانگە - دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا کاریگەری باشی لەسەر نرخی دراو لە ئێران هەبووە و ماڵپەری نەڤەسانی تایبەت بە نرخی دراوەکان لە بازاڕی ناوخۆی ئێران دەڵێت، ئەمرۆ یەک دۆلار بە 83 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، لە کاتێکدا دوێنێ شەممە پێش ئەوەی دانوستاندنەکانی نێوان هەردولا دەستپێبکات، یەک دۆلار بە 85 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرا.

 
ئەگەرچی تاوەکو ئێستا ئەمریکا بە ئاشکرا هیچی لەسەر کۆبوونەوەکە نەگوتوە، بەڵام وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، " کە گفتوگۆیەکی بنیاتنەرانەیان لەگەڵ ئەمریکا کردووە و دانوستانەکانی نێوان هەردولا بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت."

پێش دەستپێکی یەکەم گەڕی گفتوگۆی نێوان ئەمریکا و ئێران، نرخی یەک دۆلار بەرامبەر بە تمەن بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 106 هەزار تمەن.
 
بەوپێیەش لە ماوەی 8 رۆژی رابردوودا بەهای تمەن بەرامبەر بە دۆلار نزیکەی 23 هەزار تمەن و زیاتر لە 21٪ بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینیوە.