ڕوانگە - بەمەبەستی هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی کارەبا بە بڕیارێک لە پارێزگای کرماشان رۆژانی پێنجشەممە لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکان، قوتابخانە و زانکۆکان کرایە پشوو.
 
دوێنێ شەممە ٢٠٢٥/٤/١٩ لەلایەن ئەنجوومەنی پلاندانان و گەشەپێدانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگار دەرچوو. 
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، لەکاتی دەرچوونییەوە، تاوەکو ٢٠٢٥/٩/٢١ (نیوەی یەکەمی ساڵی هەتاوی)، سەرجەم دامەزراوە، زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن لە رۆژانی پێنجشەممەدا دادەخرێن و  پارێزگاری کرماشانیش هۆکاری دەرچوونی بڕیارەکە بۆ ''کۆنترۆڵی بەکارهێنانی وزە، پاڵپشتی و پتەوکردنی چوارچێوەی خێزان'' دەگەڕێنێتەوە. 
 
مەنوچێهر حەبیبی ڕونیشیکردەوە، جیا لە بەشی فریاکەوتن، خزمەتگوزاری و بانکەکان، سەرجەم دامەزراوەکان لە رۆژانی پێنجشەممە، بە ئۆنلاین کارەکانیان بەڕێوەدەبەن.