ڕوانگە- لە وتوێژ لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە لەبارەی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا و کاریگەری ئەو دانوستانانە لەسەر ئێران، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و هەروەها توانا و لێهاتووی ئێران لە گفتوگۆکاندا، دکتۆر حیلمی ڕەسوڵ (مامۆستای زانکۆ) ڕایگەیاند:"ئێران وڵاتێکی فرە ژینگەیی، فراوانی خاوەن حەزارەی چەندین هەزار ساڵەیە و ئەزمونێکی باشی لە بابەتی دیبلۆماسیەت و دانیشتن و دانوستان هەیە. هەروەها لە مێژووی هاوچەرخیشدا دەبینین پشودرێژییەکی زۆریان هەیە و دەتوانن نەهێڵن هەموو مەرجەکان بەسەریاندا بسەپێنرێت."

دکتۆر حیلمی ڕەسوڵ ڕونیکردەوە:"دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ ئەمەریکا بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. هۆکاری هەستیاری قۆناغەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە باڵ و دەنوک و پەنجەکانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (بەتایبەتی لەسەر سنوری ئیسرائیل، کە دوژمنی تەقلیدی و کلاسیکی یەکدینە) بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت. ئێستا ئەمانە نەماون."

وتیشی:"کاتێک ئێران ئەم هەژمونەی وەک جاران لە ناوچەکەدا نەماوە و ئێستاش تەنها شوێن کە مابێتی حوسییەکانن (جگە لە عێراق)، عێراق وەکو دەرگای ڕۆژهەڵاتی ئێرانە. حوسیەکانیش لەبەردەم هێرشێکی فراوانی فڕۆکەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتین بەسەرۆکایەتی ئەمەریکا. بۆیە پێدەچێت ئەم گفتوگۆیانە ئیدارەی ترەمپ بەشێوەیەک بیەوێت کۆمەڵێک مەرج بەسەریدا بسەپێنێت، وە لە نێوانیشیاندا مەرجی دروستنەبوونی چەکی ئەتۆمییە. وە قەتەر و عێراق و سعودیە و زۆرێک لە وڵاتانی خەلیج هاتوونەتە نێو ئەم گەمەیەوە و بەشداری لە دانوستانەکان دەکەن."

مامۆستاکەی زانکۆ ڕونی کردەوە:"ئێران وڵاتێکی فرە ژینگەیی، فراوانی خاوەن حەزارەی چەندین هەزار ساڵەیە. لە مێژووی کۆندا دەسەڵاتی هەتاوەکو دەریای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و زۆربەی شوێنەکان (وەک ئیمپراتۆریەت) کەوتووتە ژێر دەستییەوە. وە ئەزمونێکی باشی لە بابەتی دیبلۆماسیەت و دانیشتن و دانوستان هەیە. هەروەها لە مێژووی هاوچەرخیشدا دەبینین پشودرێژییەکی زۆریان هەیە و دەتوانن نەهێڵن هەموو مەرجەکان بەسەریاندا بسەپێنرێت. وە ئێران وڵاتێکە پشتی بەخۆی بەستووە و خاوەنی سامانی کانزایی و دەرامەتی سروشتی و دەرامەتی مرۆیی زۆر بەهێزە."

دکتۆر حیلمی ئاشکرای کرد:"ڕۆژئاوایەکانیش باس لەوە ناکەن کە سیستەم لەو وڵاتەدا بگۆڕێت و ئەفغانستانێکی دیکە و عێراقێکی دیکە بۆخۆیان دروست ناکەن. ئەو ڕژێمەیان تا ئێستا پێباشە. بۆیە ئەوەی ئەمەریکا دەیەوێت (هەموو شتێکی بەسەردا بسەپێنێت لەژێر گوشاری ئیسرائیل) ڕەنگە وەکو خۆی جێبەجێ نەکرێت."

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا ڕودانی گرژی و ئاڵۆزی لە ئێراندا چی کاریگەرییەکی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە؟
دکتۆر حیلمی ڕەسوڵ ڕونی کردەوە:"هەرێمی کوردستان سنورێکی زۆر نزیکی لەگەڵ ئێراندا هەیە. بۆیە ئارامی ئێران زۆر گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان. وە ئێمە هەمیشە وەک بەشێک لە جوگرافیایەکی داسەپێنراو (وەک یەکێک لەو وڵاتانەی کوردی بەسەردا دابەشکراوە)، جگە لەوەش سنورێکی نزیک و پەیوەندییەکی بازرگانی توندوتۆڵ و پەیوەندییەکی مێژوویی چەند هەزار ساڵەمان لەگەڵ ئەم سنورەدا هەیە. بۆیە شڵەژان لە ئێراندا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت، چ لەڕووی سیاسییەوە چ لەڕووی ئابوورییەوە."