ڕوانگە - قوباد تاڵەبانی کەسی دووەمی ناو یەکێتی لە دیداری یەکێتیدا کە ئەمڕۆ چوار شەممە لە سلێمانی سازکرا وتی " یەکێک لە بەڵێنەکان ئەوەبوو کە کۆتایی بە تاکڕەویی دەهێنین، فەرموو کۆتاییمان پێهێنا، ئێستا هیچ حیزبێک ناتوانێت ٥٠ + ١پێکبهێنێت لە پەرلەمانی کوردستان".( وەک ئاماژەیەک بە کۆتایی هێنان بە تاکڕەوی پارتی).
دیداری یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەمڕۆ ٢٣ ی نیسان لە سلێمانی بە بەشداری نزیکی چوار هەزار ئەندامی یەکێتی دەستیپێکرد، لە نێوان قسەکەرانی بەرپرسانی یەکێتی لە وتارێکدا قوباد تاڵەبانی لێپرسراوی مەكتەبی سكرتاریەتی تاڵەبانی جەختیکردەوە کە کۆتاییان بە تاکڕەوی هێناوە.
لە میانەی ئەو وتارەدا قوباد تاڵەبانی وتی " هاوسەنگی هێز رێکخراوتەوە، ئێستا ئەو هێزەیە وایکردووە( پارتی ) یەکێتی بچێتە ناو ئەو دانوستانانەی پێکهێنانی حکومەت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە ئەم دیدارە لە کاتێکی زۆر گونجاودا دەبەسترێت."
قوباد تاڵەبانی وتیشی "لە دیداری رابردوو پێم وتن یەکێتی حیزبێکی جیڕە، بە ئاسانی لاواز ناکرێت، داستانەکانی رابردووم پێشکەش کردن، ئەگەر لە بیرتان بێت کاتی بەستنی دیداری یەکەم کاتێکی زۆر قورس بوو بۆ یەکێتی، کاتێکی زۆر هەستیار بوو بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، رووبەرووی چەندین تەحەدییاتی ناوخۆی و دەرەکی ببوینەوە، خەڵکی پێیان وانەبوو لەو کاتەدا بتوانین ئەو هەموو کادرە کۆبکەینەوە و لە هۆڵێکدا و دوایی لە 13 لیژنەی جیاوازەوە بتوانین تاوتوێی هەموو پرسە هەنوکەیی و گرژییەکانی هەرێمی کوردستان و ناو یەکێتی بکەین، بەڵام کردمان و کردتان."
هەروەها وتیشی " دوای کۆنگرە دوو هەڵبژاردنمان بەڕێکرد، یەکیان بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق کە تێیدا یەکێتی یەکەم حیزبی کوردستانی بوو لەسەر ئاستی عێراق. هەروەها دواتر هەڵبژاردنێکمان ئەنجامدا کە توانیمان دەنگ و کورسی خۆمان زیادکەین و پێگەی یەکێتی بگەیەنینە ئەو پێگەیەی کە شایستەی خۆیەتی و شایستەی ئەو مێژووە جوانەیەتی."
ئاشکراشی کرد، "یەکێک لە بەڵێنەکان ئەوەبوو کە کۆتایی بە تاکڕەویی دەهێنین، فەرموو کۆتاییمان پێهێنا، ئێستا هیچ حیزبێک ناتوانێت 50+1 پێکبهێنێت لە پەرلەمانی کوردستان بۆیە هاوسەنگی هێز رێکخراوتەوە، ئێستا ئەو هێزەیە وایکردووە یەکێتی بچیتە ناو ئەو دانوستانانەی پێکهێنانی حکومەت، بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، بۆیە ئەم دیدارە لە کاتێکی زۆر گونجاودا دەبەسترێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا قوباد تاڵەبانی وتی: "بەشێکی زۆرتان چەندین ساڵ بەدەست ململانێکانی کە لە سەرەوە هەبوو دەتان ناڵاند و دەتانوت "ئێوە لە سەرەوە چاک بن، ئێمە لە خوارەوە عەیبمان نییە و لێمانگەڕێن، ئێستا لە سەرەوە کێشە نییە و بە قسەمان کردن، بەڵام لە خوارەوە کێشە هەیە."