ڕوانگە - بەهۆی گیان لەدەستدانی ئەو ژمارە زۆرەی حاجیان لە ساڵی ڕابردوودا وڵاتی سعودییە لەمساڵدا ڕێنمایی نوێ دەدات بەو کەسانەی کە دەیانەوێت بە مەبەستی بەجێهێنانی فەریزەی حەج سەردانی ئەو وڵاتەبکەن و بەڕێوەبەری نوسینگەی حەج و عەمرەی گەرمیانیش ڕایدەگەیەنێت؛"بۆ ئەمساڵ ڕێژەیەکی کەم لەوکەسانەی کە بەتەمەنن و ناویان هاتۆتەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج دەتوانن سەفەری وڵاتی سعودییە بکەن."
سیروان مەحمەد مەعروف بەڕێوەبەری نوسینگەی حەج و عەمرەی گەرمیان بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"ساڵانی ڕابردوو لە بواری تەندروستیدا تەنها دەرزی خۆپاراستن لە حاجییان دەدرا، بەڵام بەهۆی ئەو ڕێژە زۆرەی حاجیان کە لەساڵی ڕابردوودا واتە ساڵی ٢٠٢٤ز گیانیان لە دەستدا، بۆ ئەمساڵ ڕێنمایەکان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە و وڵاتی سعودییە ڕێکارێکی دیکەی گرتۆتەبەر، ئەویش ئەوەیە، ئەوکەسانەی کە تەمەنیان لەسەروی ٧٠ ساڵەوەیە بەڕێژەی ٥٠٪ سەفەری حەج ئەنجام بدەن."
وتیشی؛"بە پێی ئەوڕێژەیەی کە دانراوە بۆ شارەکان ٧٪ کەسانی بەتەمەن دەتوانن سەفەری حەج ئەنجام بدەن و هەربۆیە لەگەرمیان لەکۆی ٢٨٥ هاوڵاتی بەتەمەن بۆ ئەمساڵ تەنها ٢٠ هاوڵاتی دەتوانن سەفەری حەج ئەنجام بدەن،
سیروان محەمەد مەعروف بەڕێوەبەری نوسینگەی حەج و عەمرەی گەرمیان ئاماژەی بەوەشکرد، "جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو لەمساڵدا ئەو هاوڵاتیانەی کە ناویان بۆ سەفەری حەج هاتۆتەوە، پێش ئەوەی هیچ مامەڵەیەکی سەفەریان بۆ ئەنجام بدرێت دەبێت لەلایەن لیژیەکی پزیشکییەوە پشکنینی تەواوەتیان بۆ بکرێت، ئەوەش بۆ مەبەستی دڵنیابوون لەتوانای ئەو هاوڵاتییە بۆ ئەنجامدانی سەفەری حەج چ لەڕووی دەرونییەوەبێت یاخود لەڕوی توانای جەستەییەوە پاشان مامەڵەکانی دیکەی بۆ ئەنجام دەدرێت کە ئەمەش هەنگاوێکی نوێیە و لەمساڵدا جێبەجێ دەکرێت."