ڕوانگە - پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم)، ئەو سکاڵا نوێیەی دەسەڵاتدارانی ئاک پارتی دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەلایەن داواکاری گشتیەوە تۆمار کراوە، بە هەڕەشەی جدی لەسەر پرۆسەی ئاشتی ناوزەدی دەکەن.

سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دەم لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات باسی لە ناوەڕۆکی دیدارەکەیان لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا دەکات.

لە بارەی سەردانی دیکە بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانییکراوی پەکەکە ئەنجامدەدرێت، یان نا، سزای تەمەلی دەڵێت "باسمان لە دیاریکردنی خشتەی سەردان نەکردووە بۆ ئیمراڵی، چونکە تەوەری سەردانەکە پەیوەست بوو بەلایەنی دادوەری و یاساکان".
لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت "سەردانی دیکە بۆ لای ئۆجەلان لە کۆبوونەوەکانی شاندی ئیمراڵیدا باسدەکرێت و شاندەکەمان بۆ رای گشتیی رادەگەیەنێت".

لەبارەی ئەو سکاڵایەی لە دژی سەڵاحەدین دەمیرتاش جووڵێنراوە، تەمەلی دەڵێت "ئەم جۆرە دۆسییانە، هاوشێوەی ئەوانەی رابردوو، لەو ئاستەدان، کە پرۆسەی ئاشتی وچارەسەری تێکدەدەن. هەربۆیە باوەڕمان وایە پێویستە واز لەم جۆرە هەڵسوکەوتە بیرۆکراسییانە بهێنرێت".

دۆسییەکەی دەمیرتاش تایبەتە بە حەوت وتاری ناوبراو، کە لە ساڵی ٢٠١٦، لە چەند ناوچەیەکی تورکیا پێشکەشیکردوون. داواکاری گشتی داوایکردووە، بەهۆی ئەو وتارانەوە، سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردنی نوێ بەسەر دەمیرتاشدا بسەپێندرێت.
شاندێکی پارتی دەم لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری دادی تورکیا رۆژی ٢٤ ی نیسان کۆبوونەوە و باسیان لە پێویستییە یاساییەکانی ئەو پرۆسەیە کرد، کە لە ئێستادا لە وڵاتەکە لە ئارادایە.