ڕوانگە - بڕیارە ئەمڕۆ شەممە ٢٦ ی نیسان کوردان لە سوریا کۆنفڕانسی یەکریزی هەڵوێستی کورد سازبکەن.
لەم کۆنفرانسەدا کە بڕیارە مەزڵوم عەبدیش فەرماندەی هەسەدە بەشداری بکات، بڕیار لەسەر دوو پرسی گرنگ دەدرێت، لەلایەکەوە دەستنیشانکردنی وەفدێکی هاوبەش بۆ گفتگۆکردن لەگەڵ دیمەشق، لەلایەکی تریشەوە یەکخستنی تێڕوانینی سیاسی کوردی رۆژئاوای کوردستان و ئەو مافانەی داوای دەکەن لە دیمەشق.
هەینی ٢٥ ی نیسان، نوێنەرایەتی بارزانی سەرۆکی پارتی و شاندێکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پێنجشەممەش وەفدێکی دەم پارتی گەیشتنە رۆژئاوای کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسدا.
وەفدی یەکێتی بە سەرکردایەتیی ئەمین بابەشێخ ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتەکە گەیشتنە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئامانجی شاندەکە و نوێنەری بارزانی، حەمید دەربەندی بۆ بەشداریکردنە لە " کۆنفراسنی یەکڕیزی هەڵوێستی کورد" کە ئەمڕۆ دەستپێدکات و پێشبینی دەکرێت دوو رۆژ بخایەنێت.
حەمید دەربەندی پاش گەیشتنی بە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریا دیموکرات "قەسەدە" کۆبووەوە.
کۆنفرانسی یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، شەممە ٢٦ـی نیسان بەڕێوەدەچێت و ئامانجی بەدیهێنانی یەکێتی نەتەوەیی کورد و یەکخستنی هەڵوێست و داواکارییەکانی کوردە بەتایبەتی لە سووریا.
ئەم هەنگاوە گرنگە ماوەیەکی زۆرە ئەمەریکی و فەرەنسیەکان کاری بۆ دەکەن و لە دوو مانگی رابردووشدا لە دوای پەیامەکەی ئۆج ئالان و سەردانی مەزڵوم عەبدی بۆ هەرێم و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی نزیکبوونەوەی ئەنەکەسەو پەیەدەی لێ بەرهەم هات.