ڕوانگە - لە ڕاگەیەدراوێکدا بانکی ڕەشید لە عێراق ئاشکرای کردووە، بۆ لەمەودوا هەر كەسێك یەكەیەكی نیشتەجێبون بكڕێت، بڕی 200 ملیۆن دیناری وەك قەرز پێدەدرێت كە پێشتر 150 ملیۆن دینار بوو،
شارەزایەکی بواری ئابوریش ڕایدەگەیەنێت:"بونی ئەو جۆرە لە پێدانی قەرز کاریگەری ئەرێنی لەسەر دەرونی هاوڵاتیان و فەرمانبەران دەبێت."
پرۆفیسۆر دکتۆر خالد حەیدەر مامۆستا لە بەشی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛" تائێستا ئەو خزمەتگوزارییە بانكیانە هەرێمی كوردستانی نەگرتۆتەوە، و بۆ ئەوەی ئەو خزمەت گوزاریانەش هاوڵاتیانی هەرێم بگرێتەوە پێویستە ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدادا ئەنجام بدرێت."
وتیشی؛"ئەگەر پێدانی قەرز بە هاوڵاتیان بچێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە بۆ بابەتی جیاواز و بەتایبەت بۆ بابەتی نیشتەجێبون ئەوا کاریگەری گەورەی لەسەر دەرونی هاوڵاتیان دەبێت و وای لێدەکات ببێتە کەسێکی بەرهەم هێن و ئەمەش وادەکات لایەنی ئابووری پێشکەوتنی زیاتر بەخۆوە ببینێت."
پرۆفیسۆر دکتۆر خالد حەیدەر مامۆستا لە بەشی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی ڕونیشیکردەوە:"پێویست دەکات حکومەتی هەرێم ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی ناوەندیدابکات بۆئەوەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ فەرمانبەرانی عێراقدا بەیەک ئاست و یەک شێواز مامەڵەیان لەگەڵدابکرێت، چونکە دەبینین بەشێک لە فەرمانبەرانی هەرێم وەکو لایەنی دارایی وردەوردە هاوشێوەی فەرمانبەرانی عێراق چونەتە نێو سیستمی مووچە و هەروەها وەرگرتنی مووچە لەکاتی خۆیدا، بەڵام هەندێک بابەتی دیکە ماوە وەکو پێدانی قەرز بە فەرمانبەران و هێشتا جێ بە جێ نەکراوە."