ڕوانگە - بەبۆنەی تێپەڕبونی ٥١ ساڵ بەسەر بۆردومانی هەڵەبجە بە چەکی ناپاڵم، پارێزگاری هەڵەبجە بەوەکالەت پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:"ساڵەکانی ڕۆژ بۆ ئێمەی هەڵەبجەیی پڕن لە یادو بیرەوەری ناخۆش، پڕن لە کارەسات و مەینەتی و ماڵ وێرانی، ئەمڕۆش دیسان یادێکی تاڵی ئەو بیرەوەرییانەیە."

دەقی پەیامەکەی پارێزگای هەڵەبجە بەوەکالەت:

پەیامی پارێزگاری هەڵەبجە بۆ (٥١)مین ساڵیادی بۆردومانی هەڵەبجە بە چەكی ناپاڵم

ساڵەکانی ڕۆژ بۆ ئێمەی هەڵەبجەیی پڕن لە یادو بیرەوەری ناخۆش، پڕن لە کارەسات و مەینەتی و ماڵ وێرانی، ئەمڕۆش دیسان یادێکی تاڵی ئەو بیرەوەرییانەیە، کە بۆردمانکردنی ھەڵەبجەیە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی بەعسەوە بە چەکی ناپاڵم.

لەم ڕۆژەداو  لە ٢٦_ی نیسانی ١٩٧٤ دا هەڵەبجە، دوو ڕۆژ پاش بۆردومانكردنی شاری قەڵادزێ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە چەكی قەدەغەكراوی ناپاڵم بۆردومانكراو، لەو بۆردومانەدا نزیكەی (٥٠) هاوڵاتی مەدەنی شەهید بوون، بۆردومانی ساڵی ١٩٧٤ سەرەتای كۆمەڵێك تاوانی یەك لە دوای یەك بوون دەرحەق بە خەڵكی بێ تاوانی هەڵەبجە.

ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین و، لێرەوە دەخوازین کورد و کوردستانیان چیدی نەبنە ئامانجی چەکە قەدەغەکراوەکان و کۆمەڵکوژی و جینۆسایدو تاوانی نامرۆڤانە، سەری ڕێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەھیدانی ئەو کارەساتە دادەنەوێنین و تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفا لەبەردەم ناوی ئەو شەهیدانە دادەنێین

نوخشە ناصح/پارێزگاری هەڵەبجە بەوەكالەت