ڕوانگە - ئەمڕۆ شەممە ٢٦_ی نیسانی٢٠٢٥ نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەكالەت لە مەرزی تەوێڵە-شوشمێ پێشوازی لە د.مەنوچێهر حەبیبی پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری كرد.

  لە سەرەتای سەردانەكەیاندا: پارێزگاری هەڵەبجە بە هاوڕێیەتی پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەیان كردو تاجەگوڵینەی ڕێزو وەفایان لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.

دواتر لە دیوانی پارێزگا، كۆبونەوەیەك بەسەرپەرشتی پارێزگاری هەڵەبجەو بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرانی گشتی (وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشتوگوزارو كشتوكاڵ)و بەڕێوەبەرو نوێنەرانی (ئاسایش و پاسەوانی سنور و گومرك و نشینگە)و سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجەو لایەنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ پارێزگاری كرماشان و شاندی یاوەری ئەنجامدرا.

نوخشە ناسیح پارێزگاری هەڵەبجە بە وەکالەت بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند؛"كۆبونەوەكە بۆ گفتوگۆ كردن بوو لەسەر پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان پارێزگای هەڵەبجەو پارێزگای كرماشان لە سێكتەرەكانی بازرگانی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو تەندروستی و خوێندن و دەروازە سنورییەكان و چەندین بابەتی گرنگ و تایبەتمەند لەسەرجەم سێكتەرەكاندا لە نێوان هەردوولا بۆ ئەم مەبەستەش كۆمیتەیەكی هاوبەش لەئاستی باڵا پێكهێنرا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی كۆبونەوەكە  

پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بە هەماهەنگی و پەیوەندی دۆستانەی لەمێژینەی نێوان هەڵەبجەو كۆماری ئیسلامی ئێران كردو سوپاسی پارێزگاری كرماشانی كرد بۆ سەردانەكەیان و پەیوەندی دۆستانەی هەردوولاو ڕەزامەندی بەڕێزیان بۆ پرسە گرنگەكان بە تایبەت كاروباری دەروازەكان و سێكتەری تەندروستی.

لای خۆشیەوە، پارێزگاری كرماشان سوپاس و دەستخۆشی بۆ پێشوازی گەرمی پارێزگاری هەڵەبجە دەربڕی و ووتی ئێمە پێزانینی گەورەمان بۆ هەڵەبجەو شەهیدانی هەیەو پیرۆزبایی گەرمی خۆمان ئاڕاستەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەو دەست بەكاربوونی بەڕێز نوخشە ناصح وەكو یەكەم پارێزگاری خاتوون لە كوردستان و عێراق و ڕایگەیاند كۆبونەوەیەكی گرنگ و پڕ  دەستكەوتمان ئەنجامداو بۆ سەرجەم داواكاری و پرسەكانی پارێزگاكە ئێمە ڕەزامەندین  لە ناویشیاندا پرسی دەروازە سنورییەكان.

لە كۆتایدا هەردوولا دیاری تایبەت بە خۆیان پێشكەش بەیەكدی كردو پارێزگاری هەڵەبجە یاوەری پارێزگاری كرماشان و وەفدی بەڕێزیانی كردو لە دەروازەی (تەوێڵە-شوشمێ)ەوە بەڕێزەوە بەڕێكران.