ڕوانگە - وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی بەندەر عەباس بەرزبۆتەوە و ئاگرەکەشی کۆنترۆڵ نەکراوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٢٦ی نیسان، تەقینەوەیەکی بەهێز و بەرفراوان لە شاری بەندەر عەباس لە باشووری ئێران روویدا.
بەپێی دوایین ئاماری ڕاگەیێندراو لەلایەن ئەسکەندەر مؤمنی وەزیری ناوخۆی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ کەناڵ تەلەفزیۆنیی فەرمی ئەو ولاتە لەم تەقینەوەیەدا ٨ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٧٥٠ کەسیش بریندار بوون.
سەرۆک کۆماری ئێران، مەسعود پزیشکیان، فەرمانی دەرکردووە بۆ لێکۆڵینەوەی ورد لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە.
بەپێی فەرمانی سەرۆک کۆمار، ئەسکەندەر مؤمنی، وەزیری ناوخۆ، گەیشتووەتە بەندەر عەباس بۆ سەرپەرشتیکردنی لێکۆڵینەوەکان.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرەتا گومان لە تەقینەوەی کۆگایەکی سووتەمەنی کراوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکانی دواتر دەریدەخەن کە تەقینەوەکە بەهۆی کۆنتێنەرێکەوە بووە کە لە حەوشەی کۆنتێنەرەکان تەقیوەتەوە.
جگە لە زیانە گیانییەکان، تەقینەوەکە بووەتە هۆی خاپووربوونی تەواوەتی باڵەخانەیەکی ئیداری لە بەندەرەکە و زیانگەیشتن بە دەیانە ئۆتۆمبێل.